ئەمەریکا بەئامانجگرتنی دوو "بەلەمی بۆمبڕێژکراو"ـی حووسییەکان رادەگەیەنێت

ئەمەریکا بەئامانجگرتنی دوو "بەلەمی بۆمبڕێژکراو"ـی حووسییەکان رادەگەیەنێت
ئەمەریکا بەئامانجگرتنی دوو "بەلەمی بۆمبڕێژکراو"ـی حووسییەکان رادەگەیەنێت

K24 - هەولێر

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا دەڵێت، هێزەکانیان دوو "بەلەمی بۆمبڕێژکراو"ـی حووسییەکان کردووەتە ئامانج و، دووپاتیشی دەکاتەوە، لە پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان بەردەوام دەبن.  

ئەمڕۆ سێشەممە، 06-02-2024، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست (سێنتکۆم) لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، هێزەکانیان لە هێرشێکدا دوو بەلەمی بۆمبڕێژکراوی حووسیەکانیان لە دەریای سوور کردووەتە ئامانج.

بە گوێرەی راگەیەندراوی سێنتکۆم؛ هێرشەکەی ئەمەریکا کاتژمێر 03:30ـی  دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 05-02-2024، ئەنجامدراوە دوای ئەوەی دوو بەلەمی بێسەرنشین (بەلەمە درۆن)ی بۆمبرێژکراو لە ناوچەی حووسییەکانەوە لە یەمەن بە ئاراستەی کەشتیە سەربازییەکانی ئەمەریکا و کەشتییە بازرگانییەکان رۆشتوون.

ناوەندە سەربازییەکە هەروەها رایگەیاندووە، هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجەکانی حووسییەکان لە دەریای ناوەڕاست بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ناوچە ئاوییە نێودەڵەتیەکان و نەهێشتنی بەربەستەکانە لە بەردەم جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان.

لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل، حووسیەکانی یەمەن لە دەریای سوور چەندین هێرشیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان ئەنجامداوە کە ئەمەش بووەتە هۆی سستبوونی جووڵەی بازرگانی لە ناوچەکە کە بە یەکێک لە شا دەمارەکانی ئابووری چەندین وڵات دادەنرێت.

بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانیەکان، هێزەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا چەندین هێرشی ئاسمانیان کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی حووسیەکان بۆ لاوازکردنی توانای هێرشکردنی چەکدارەکان.