ئەڵمانیا ئەو وێستگانەی کارەبا کە بەغاز کاردەکەن دەگۆڕێت بۆ هایدرۆجین

ئەرشیف، وێستگەی کارەبا غازیی
ئەرشیف، وێستگەی کارەبا غازیی

K24 - هەولێر

دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا پلانیان داناوە تەندەر رابگەیێنن بۆ دروستکردنی یەکەی نوێ لەو وێستگانەی کارەبا کە غاز کاردەکەن، کە دەتوانرێت لە داهاتوودا ئەو وێستگانە بگۆڕدرێن بۆ ئەوەی بە هایدرۆجین کاربکەن.

پلانەکە بریتییە لەوەی وێستگەکان لە ساڵی 2035 تاوەکو 2040 بە هایدرۆجین کاربکەن، جگە لە دابینکردنی تەکنەلۆژیای هەڵگرتنی کاربۆن.

دوای چەند هەفتەیەک لە دانوستان، حکومەتی ئەڵمانیا مانگی رابردوو رەزامەندی دەربڕی لەسەر تەرخانکردنی 7.55 ملیار دۆلار بۆ پرۆژەی وێستگەی کارەبای غاز لەگەڵ ئەگەری گۆڕینی بۆ هایدرۆجین.

حکومەتی ئەڵمانیا هەوڵدەدات وەبەرهێنانی تایبەت لە پڕۆژەکانی گواستنەوەی وزە لە غازەوە بۆ هایدرۆجین رابکێشێت.

حکومەتی ئەڵمانیا بڕیار دەدات کەی وێستگە نوێیەکانی کارەبای غاز دەگۆڕدرێن بۆ هایدرۆجین بۆ ئەوەی تا ساڵی 2035 بەڵێنەکانی دەردانی کاربۆن سفر جێبەجێ بکات.

جێگای سەرنجە کە ئەڵمانیا هەموو وێستگە ئەتۆمییەکانی داخستبوو، بەڵام لە کاتی قەیرانی وزەدا کە وڵاتەکەی بەم دواییە تووشی بوو، ناچار بوو وێستگەکانی کارەبای بە خەڵوز بکاتەوە.