شا چارلز دەستیکردووە بە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی

شا چارلز
شا چارلز

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی کۆشکی بەکینگهام رایگەیاند، لە ئەنجامی پشکنینەکان دەرکەوتووە شا چارلزی سێیەمی بەریتانیا تووشی شێرپەنجە بووە، چارەسەرییە پزیشکییەکان بۆ نەخۆشییەکەی شا چارلز دەستیانپێکردووە.

هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا، شا چارلز نەشتەرگەری پرۆستاتی بۆ ئەنجامدرا، بەڵام کۆشکی بەکینگهام رەتیکردەوە شا تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بووبێت.

کۆشکی بەکینگهام جۆری شێرپەنجەکەی شا چارلزی ئاشکرا نەکردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، شا چارلز لە ماوەی وەرگرتنی چارەسەرە پزیشکییەکانیدا بۆ ماوەیەک دووردەکەوێتەوە لە دەرکەوتنە گشتییەکانی.

ئەوەش خراوەتەڕوو، شا چارلز بەردەوام دەبێت لە رایکردنی کاروبارە فەرمیەکانی دەوڵەت بەو پێیەی ئەو سەرۆکی وڵاتە و، هۆکاری راگەیاندنی نەخۆشییەکەی شا چارلز بۆ رێگەگرتنە لە مشتوموڕ لەسەر تەندروستی شا چارلز.

لە دوای بیستنی هەواڵی نەخۆشییەکەی شا، شازادە هاری کە ئێستا لە ئەمەریکا لەگەڵ هاوسەرەکەی دەژیت دوای ئەوەی دەستبەرداری پۆستە شاهانەکەی بووە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بگەڕێتەوە وڵاتەکە بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی باوکی.

شازادە ولیام کە لە ماوە رابردوودا هاوکاری خێزانەکەی دەکرد دوای ئەوەی نەشتەرگەری بۆ ئەنجام درا بوو، بریار وایە دووبارە دەستبکاتەوە بە دەرکەوتنە گشتییەکانی.

لە دوای بیستنی هەواڵی دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکەی شا، چەندین سەرکردەی وڵاتان هیوای زوو چاکبوونەوەیان بۆ خواست.

جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، نیگەران بووە بە بیستنی هەواڵەکە و پەیوەندی بە شا چارلزەوە دەکات بۆ ئەوەی لە رەوشی تەندروستی ئاگادربێتەوە.

شا تەمەنی 75 ساڵە و لە دوای کۆچیی دوایی دایکی شاژنە ئیلیزابێس لە ئەیلوولی 2022، وەک پادشای شانشینی یەکگرتوو تاجی پاشایەتی لەسەرنرا.

لە ئەگەری نەخۆشکەوتنی پادشای وڵات، بە گوێری یاسای کۆشکی شاهانە، ئەندامانی ئەنجوومەنی شاهانە کارەکانی وڵات بەرێوەدەبن کە ئەوانیش شازادە ئاندرووی برای شا چارلز و شاژنە کامیلای هاوسەری و شازادە ولیامن.