ناتانیاهۆ: پێش هەر رێککەوتنێک ئامانجی سەرەکی ئێمە کوشتنی "ئەنوەر سینوار"ـە

ناتانیاهۆ و گالانت
ناتانیاهۆ و گالانت

K24 - هەولێر

رۆژێک پێش ئەوەی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بگاتە تەلئەڤیڤ بە ئامانجی رێککەوتن و هێورکردنەوەی دۆخەکە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یۆئاڤ گالانت وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە جەختیان کردەوە کە ئامانجی ئیسرائیل "بەدەستهێنانی سەرکەوتنی تەواوەتی" و تیرۆرکردنی یەحیا سینوار و سەرکردەکانی دیکەی حەماسە.

ناتانیاهۆ گوتیشی: "رێگری دەکات لە کۆتاییهێنان بە شەڕەکە" پێش ئەوەی سەرکردەکانی بزووتنەوەکە لە کەرتی غەززە بکوژرێن، دەشڵێت: ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان بە هیچ نرخێک نابێت.

لێدوانەکانی ناتانیاهۆ لە میانی دانیشتنی فراکسیۆنی حزبی "لیکود" لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا هات، گوتیشی: ئامانجمان بەدەستهێنانی سەرکەوتنی تەواوەتییە بەسەر حەماسدا، هەروەها ئێمە سەرکردایەتی بزووتنەوەکە دەکوژین، هەربۆیە دەبێت بەردەوام بین لە کارکردن لە هەموو ناوچەکانی کەرتی غەززە.

ئاماژەی بەوەشکرد، جەنگەکە چەند مانگێک دەخایەنێت نەک چەند ساڵێک، سەبارەت بە رفاندەکان، ئێمە 110 بارمتەمان ئازاد کردووە و بەردەوام دەبین لە کارکردن لەسەر ئەمە، بەڵام ئەوەی حەماس داوای کردووە ئێمە رازی نین، "پێویستە رێککەوتنەکە هاوشێوەی رێککەوتنەکەی پێشوو بێت".

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوەشکرد، ئیسرائیل رێککەوتنێک ناکات کە ببێتە هۆی ئازادکردنی زیندانییەکان لە کەرتی غەززە.

ناتانیاهۆ بانگەشەی ئەوەی دەکات کە سوپای ئیسرائیل توانیویەتی زیاتر لە نیوەی هێزی حەماس لەناوببات، دەشڵێت: لە کۆی 24 کەتیبە 18 کەتیبەمان لەناوبرد، روونیشی کردەوە، "بەبێ گەیشتن بەو ئامانجە شەڕەکە راناگرین، کە سەرکەوتنێکی هەمەلایەنەیە کە ئاسایش بۆ باشوور و باکوور دەگەڕێنێتەوە".

یوئاڤ گالانت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای وەزارەتەکی بەرگری، ئێوارەی رۆژی دووشەممە، رایگەیاند، "دواین کەتیبەی حەماس بەم زووانە لە خان یونس لەناو دەچێت، ئەمەش لە چوارچێوەی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی زەمینی، کە بە یەکێک لە ئاڵۆزترین ئۆپەراسیۆنەکانی مێژوو دادەنرێت لە شەڕەکان". ئاماژەی بەوەشکرد: ئامانجی داهاتوو رەفەحە.

سەبارەت بە شەڕەکانی باکور گوتی، "جگە لە شەڕەکانی غەززە؛ بەشێک لە چالاکییەکانی ئیسرائیل لە باکوورە، ئامادەکاری دەکەین بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانی باکوور بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بە سەلامەتی.