ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست توانای ڕاستەقینەی زلهێزەکان ئاشکرا دەکات

Kurd24

K24 - هەولێر

لەگەڵ ئەوەی نەخشەی پەیوەندییەکان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوا هەمیشە جێی مشتومڕ بووە، بەڵام ئەم نەخشەیە هەرگیز وەکو ئێستا مەترسیدار نەبووە.

لە یەمەن، گروپی حوسییەکانی ئەنساروڵڵای سەر بە ئێران فشارێکی سەربازی گەورە دەخاتە سەر دەریای سوور. لە ناوچەی کەنداو زیادبوونی توانا سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە بە مایەی هەڕەشەیەکی بەرچاو بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا و لەوانەیە ببێتە هۆی تێکدانی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورموز.

ئەگەر جەنگ فراوانتر بێت، ئەوا تواناکانی حیزبوڵڵای لوبنانی، کە بووە بە دەستی ڕاستی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە، لە بەشێکی دەریای ناوەڕاست یەکلاکەرەوە دەبێت و دواجار گرژییەکان لە کەنداوەوە بۆ دەریای ناوەڕاست زیاد دەکەن.

بە دڵنیاییەوە چاوسوورکردنەوەکانی ئەمەریکا بەس نییە بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستە سیاسەتی ڕۆژئاوا لە ناوچەکە بگۆڕدرێت بۆ سیاسەتێ، کە لەگەڵ خواستی گەلانی ناوجەکە هاوسەنگ بێ، بەتایبەتی لە قۆناغی نوێی ئەگەری گۆڕینی جیهان بەرەو فرەچەمسەری.

کاتێ جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیا هەڵگیرسا زۆر باس لەوە دەکرا، گوایە ئەو جەنگە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ گۆڕینی سیستەمی نێودەوڵەتی، بەڵام دواجار ڕووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 لە غەززە و پەلامارەکانی گروپە چەکدارەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بوو بە مایەی گرینگیدانی ئەمریکا و جیهان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.     

ڕووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر ئەمەریکایان گەڕاندەوە بۆ ناو دڵی ناکۆکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەر قسەیەکی تر لەسەر کشانەوەی ئەمەریکا لە ناوچەکە بەتاڵ کرایەوە. دیارە پشتیوانی سەربازی و سیاسی بێ سنووری ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل و بەکارهێنانی ڤیتۆی بەردەوامی ئەمەریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕێگریکردن لە بڕیاری ئاگربەست ڕەنگدانەوە و بەڵگەیە بۆ ئەو بۆچوونەی ئێمە لەسەر نەکشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە.

پێدەچێت لە ساڵی 2024 ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەوڵ بدات بەردەوام بێت لە بەکارهێنانی دیپلۆماسییەتی چالاکانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەر بۆیە وەزیری دەرەوەی، ئەنتۆنی بلینکن، لەر ماوەیەکی کورت دەیان جار سەردانی ناوچەکەی کرد و وڵاتەکەی هەوڵی زیاتر دەدات، بۆ ئەوەی وێنەی خۆی لە ناوچەکەدا باشتر بکات، ئەو کارەش بە زیندووکردنەوەی ڕێگەیەك دەبێ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین.

بەڵام پێویستە ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت، کەوا بەڵێنی ئەمریکا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی مەرج نییە بەو مانایە بێت، کە تێگەیشتنی ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لەگەڵ تێگەیشتنی عەرەب هاوتایە.

هەروەها ئەرکی دیپلۆماسی ئەمەریکا لە ساڵی 2024 چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەو زلهێزەیە، نە تەنها لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، بەڵکو لەگەڵ تورکیا. ئێمە گوێ بیستی ئەوە بووین چۆن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك کۆماری تورکیا، ڕەخنەی توندی لە ئەمەریکا گرت، گوایە هەموو خواستێکی  ئیسرائیل جێ بەجێ دەکات. ئەردۆغان بە توندی ئیدانەی تەل ئەبیبی کرد و بەڵێنی دا، کار بکات بۆ دادگاییکردنی سەرۆک وەزیرانەکەی، بنیامین نەتانیاهو.

سەبارەت بە ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کاردەکات بۆ پاراستنی لێکتێگەیشتنەکانی لەگەڵ ئێران سەبارەت بە ڕێساکانی تێوەگلان لەسەر سنووری ئیسرائیل و لوبنان و بەرپەرچدانەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی سەر بە تاران بۆ ڕێگریکردن لە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا، هەروەها بۆ پاراستنی ئازادی دەریایی لە باب ئەلمندب و دەریای سوور و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان.

ئەم ناوچەیە بووە بە تاقیگەیەكی ململانێی نێودەوڵەتی و سروشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قووڵی ئەم ناوچەیەش دەبێتە هۆکاری گۆڕینی هاوسەنگی ڕاستەقینەی هێزە نێودەوڵەتییەکان.

لەڕێگەی بەکارهێنانی ئەو هێز و هەژموونانەی، کە زلهێزەکان لەم ناوچەیە نمایشی دەکەن، بەهێزی زلهێزی ڕاستەقینە دەردەکەوێ.

ئەوەی لە دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023 ڕوویدا ئەوەبوو، هەموو هێزە نێودەولەتییەکان هێز و توانا و قەوارەی هێزی ڕاستەقینەی خۆیان لەناو ئەو وەرچەرخانە بۆ دەرکەوت.  

هەروەها لە چەند هەفتەی ڕابووردوو  هێزی ڕاستەقینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چین و ڕوسیا ئاشکرابوو، لە فشارخستنە سەر ئەو لایەنانەی، کە وەکو ڕکابەری یەکتر لە حاڵەتی پێکدادانن لەناو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لێرەدا مەبەستمان ئێران و ئیسرائیل و تەنانەت سعودیا و میسرە. ئێمە بینیمان چۆن لە لایەن زلهێزەکانەوە هەوڵ دەدرێ کۆنتررۆڵی ناوچەکە بکرێ، بۆیە گەیشتینە ئەو ڕاستییە سەرەکییەی، کە پێمان دەڵێ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەڕاوەتەوە ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چۆتە ناو ووردەکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنانەت ناچارکراوە بۆ ئەم گەڕانەوەیە.

ئایا ئەم گەڕانەوەیەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوکار دەبێت لەوەی ڕوسیا دووبارە بچێتەوە ناو جەنگی ساری دووەم؟

لەوانەشە ئەم وەرچەرخانانە هەڵگری نەخشەی نوێ بن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم واقیعێکی جیاواز و فەزایەکی کراوەیە.

لەم وەرچەرخانە مێژووییە دەرکەوت، کەوا چەندین دەوڵەتی گرینگ و زلهێز خاوەندی بڕیار نین، ئەمەش قۆناغێکی مەترسیدارە.

لە ئێستادا دەوڵەتی زلهێز هەیە بڕیاری ئەوەی بەدەستەوە نییە، کە چی ڕوودەدات، هەروەها پێکدادانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان هێزە هەرێمییەکان ئەوەشیان ئاشکرا کرد، کەوا زلهێزەکان ستراتیژێکی ڕوونیان نییە بۆ ئەم ڕووداوانە.

جارێکی تر جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە، کەوا پاش ڕووداوەکانی 7ی ئۆتۆبەری 2023 بۆ جیهان ڕوون بۆوە، توانای چین وەکو زلهێزێ لە ڕاستیدا چەندە.

چین وەکو نێوەندگیری هەوڵی جددی دا بۆ نزیککردنەوەی سعودیا لە ئێران، بەڵام لە ئێستادا بە دڵنیاییەوە دەرکەوت، کەوا چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ کارتێکی فشاری بەدەستەوە نییە و تاڕادەیەك لاوازە و ناچارە پەیوەندی بە ئێرانەوە بکات، تا کێشەکانی بەردەم کەشتییە بارزگانییە نێودەوڵەتییەکان لە  باشووری دەریای سوور کەم بکرێنەوە، ئەگەر چی بە هۆی هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە دەریاییەکان زیانێکی زۆر  بەر چین دەکەوێت. ئەمەش ئەو ڕاستییەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کەوا چین هێزی هاوسەنگ نییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەگەر چی پێشووتر جیهانی عەرەبی بە سنگێکی فراوانەوە پێشوازییان لە چین دەرکرد و لە لووتکە گەورەکان بانگهێشتی سەرۆکەکەیان دەکرد، تا وەکو زلهێزێکی ئابوری خۆی نمایش بکات، بەڵام چین بە هیچ شێوەیەك هێزی سیاسی نییە و ناتوانێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوشیوەی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا ڕۆڵی کاریگەر بگێڕێ.

لای خۆیەوە ڕوسیا وەکو ڕکابەرێکی جیۆسیاسی ئەمریکا سوودی لە کزبوونی هەڵوێستی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەرگرت، هاتە پێشەوە لەم ناوچەیە، بەڵام ڕوسیاش وەکو زلهێزێ سنوورداربوونی تواناکانی بۆ جیهان دەرکەوت و لە ئێستادا بۆ دەربازبوونی لە جەنگی ئۆکرانیا بەدوای ڕێکەوتنێ دەگەڕێ لەگەڵ پەیمانی ناتۆ.

ئەمڕۆ دەوڵەتی سایە یان دەوڵەتی هاوتەریب، کە لە ڕێگەی حزبوڵڵا لە لوبنان و حوسییەکان لە یەمەن و نوجەبا لە عیراق خۆیان دەنوێنن، تا ڕادەیەك شەرعییەتیان پێ دراوە. پرسیار ئەوەیە، کێ ڕێگەی خۆش کردووە بۆ ئەم لایەنانە، تا خاوەندی شەرعییەت بن؟

کەواتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ کێشەی هەیە لە پیناسەکردنی دەوڵەت، لە بەرامبەردا هاوپەیمانە هەرێمییەکانی ئەمریکا، بۆ نموونە سعودیا و ئیمارات و میسر و بەحرێن، کە لە ڕابووردوو بوون بە قەڵغانی بەرگری بەرامبەر بە شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی، چاوەڕوانی گەورەتریان لە ئەمریکا دەکرد، تا هاوکاریان بێت لە ڕاگرتنی هاوسەنگی و سەقامگیری، بەڵام ئەمریکا لە سەردەمی باراك ئۆباما چووە ناو ڕێکەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئیڕان. ئیدارەی ئۆباما هاوپەیمانەکانی ئەمریکای پشت گوێ خست و پابەند نەبوو لە بەڵێنەکانی بەرامبەریان، بۆیە ئێران ئەو دەرفەتەی بۆ خۆی قۆستەوە و توانی باڵەکانی خۆی لە ناوچەکە بەهێزتر بکات.

ئیڕان ئەمڕۆ بە هۆی ئەو سیاستانەی، کە ئەمریکا لە سەردەمی ئیدارەی ئۆباما پەیڕەوەی کردووە و ئێستا لە سەردەمی جۆ بایدن بەرامبەر بە ئێران پەیڕەوی دەکات، بووە بە هێزێکی هەرێمی بەرچاو.

ئیدارەی بایدن لەلایەکەوە فشار دەخاتە سەر لوبنان بۆ دیاریکردنی سنووری دەریایی لەگەڵ ئیسرائیل، بێ ئەوەی دەوڵەتی لوبنان دان بە ئیسرائیل بنێ وەکو دەوڵەت، لە لایەکی ترەوە لە یەمەن حوسییەکان دووبارە لە لیستی تیرۆر دەردەخرێن و شەرعیەتییان پێ دەدرێ، بێ مامەڵەکردنێکی جددی لەگەڵ حکومەتی شەرعی لە یەمەن.

ئەم دژبەرییانە وا لە هاوپەیمانانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات، بە گومانەوە بڕواننە دۆکترینی سەرکردەکانی ئەمریکا.   

لە کۆتاییدا ئێمە پێمان وایە گۆڕانکاری لە سیستەمی نێودەوڵەتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی ناسنامەکان لە سایەی شارستانییەت و کەلتوورە پێکەوەگرێدراوەکان کاریگەری زیاتری لەسەر پەیوەندییەکانی دەوڵەتە هەرێمییەکان دەبێ، پێشکەوتنەکان لە سەردەمی شۆڕشی تەکنەلۆجیای زانیاری  ڕۆڵێکی گرنگی دەگێڕن لە دیاریکردنی شێوەکانی سیستەمە ناوخۆییەکان و سەقامگیری، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم بابەتەش پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر و خوێندنەوەی وورتر هەیە بۆ ناسنامەی نەتەوەیی وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەتی پاش چەندین ساڵ گەڕان بە دوای  خۆییبوونێ، کە وەکو شەبەنگێ لەناو ناسیۆنالیزم، سیکۆلاریزم، فەندەمناڵیزم، تایەفەگەری، ڕیفۆرمیزم و مۆدێرنیتە ڕەنگ دەداتەوە.

تێڕوانینە جیاوازەکانی هێزە هەرێمییەکان بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە بە مایەی گرفت، چونکە هەر هێزێ لە ڕوانگەی تەسکی خۆیەوە بە دوای چارەسەرێ دفەگەڕێ، کە لەگەڵ بەرژەوەندی و ئامانجەکانی خۆی بگونجێت.

بەڵام ناوچەکە دەتوانێت هەستی سەربەخۆیی و مەبەستی هاوبەش بەهێزتر بکات، ئەوەیش بە برەودان دەبێت بە گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکان، کە دەتوانێ زیاتر وەڵامی پێداویستییەکانی گەلان بداتەوە و ڕێز لە نەژاد و هەمەجۆری بگرێ، لە کاتێکدا ڕێزگرتن لە ناسنامەی نەتەوەیی پێویستە بۆ کۆمەڵگە خۆڕاگر و جێگیرەکان.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی چالاکی ئەرێنی و هاوکارییەوە دەتوانێت چاوەڕوانی داهاتوویەکی گەشبینتر بکات. داهاتوویەک کە هەڵگری ئاشتی و خۆشگوزەرانی بێت بۆ گەلانی ناوچەکە. سیاسەتمەداران و دەسەڵاتداران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانن وانە لە سیستەمی هەرێمی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا وەربگرن بۆ بەڕێوەبردنی پێشبڕکێی نێوان ئەمریکا و ڕوسیا و چین بۆ ئەوەی خۆیان بەدووربگرن لە دابەشبوونی زیاتری ناوچەیی و دوژمنایەتی.