ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر هێرشەکانی ئەمەریکا تەنها سەرکۆنەکردن بوو

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر پێگەکانی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر پێگەکانی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا

K24 - هەولێر

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر داوای رووسیا، سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر گروپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا کۆبووەوە، بێجگە لە ئیدانەکردن هیچ بڕیارێک نەدرا.

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر پێگەکانی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا بەڕێوەچوو. ئەمەریکا دەڵێت، هێرشەکانیان بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بوون و بۆ بەرگریکردن بووە لە خۆیان؛ بەڵام لەلایەن بەشێک لە وڵاتانەوە ئیدانە کرا.

رۆبێرت وود، جێگری نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان گوتی:"هێرشەکانی ئەمریکا لە 2ی شوبات بۆ سەر سوپای پاسداران و میلیشیاکانی لە عێراق و سووریا. هاوڕێژە بوون و بۆ بەرگریکردن بوون و بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکانیش بوون، وەک ئەوەی لە ماددەی 51ی دەستووری نەتەوەیەکگرتووەکان هەیە."

کۆبوونەوەکە لەسەر داوای رووسیا بوو، بەڵام جگە لە ئیدانەکردن هیچ بڕیارێکی تێدا نەدرا. رووسیا پێیوایە ئەم هێرشانەی ئەمەریکا گرژییەکانی ناوچەکە زیاتر دەکەن، لەکاتێکدا ئاگر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەربووە.

ڤاسیلی نێبێنزیا، نوێنەری رووسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان گوتی،"ئێمە ئیدانەی ئەم شەڕانگێزییەی ئەمەریکا دەکەین دژ بە سەروەری عێراق و سووریا. ئەم هێرشانە دەبنە هۆی زیادبوونی ئاڵۆزی و گرژییەکان لە ناوچەکە، لەکاتێکدا ئاگر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەربووە".

لەلایەکی دیکەشەوە نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕی و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد، هەست بە بەرپرسیارەتی بکەن و دۆخی مرۆیی ناوچەکە لەبەرچاو بگرن.

رۆزمێری دیکارلۆ، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی ئاماژەی بەوە کرد، "داوا لە ئەنجوومەن و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم، رێگری بکەن لەو هەوڵانەی گرژییەکان زیاتر دەکەن و ئاسایش و ئاشتی هەرێمیش دەشێوێنن. جارێکی دیکەش داواکارییەکەی سکرتێری گشتی دووپاتدەکەمەوە و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم رەچاوی دۆخی مرۆیی و ئابووری ناوچەکە بکەن."

عەباس کازم فەتلاوی جێگری نوێنەری عێراق لە نەتەوەیەکگرتووەکانیش بێ ئەوەی باس لە هێرشەکانی ئێران بکات بۆ سەر هەرێمی کوردستان، هێرشەکانی ئەمەریکای بۆ سەر خاکی عێراق ئیدانە کرد و دووپاتیکردەوە، عێراق هەمیشە هەوڵیداوە ببێتە فاکتەری سەقامگیری لە ناوچەکە، ئەو هێرشانەی ئەمەریکاش پێچەوانەی پەیوەندی نێوانیانە.

هەریەک لە نوێنەری سووریا و ئێرانیش هێرشەکانی ئەمریکایان بۆ سەر خاکی سووریا و عێراق ئیدانە کرد و رایانگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا و تەواوی ئەو پاساوانە رەتدەکەنەوە، بۆ رەوایەتیدان بە هێرشەکانی دەیانهێنێتەوە، دووپاتیشیانکردەوە، هێرشەکانی ئەمریکا ئاسایش و ئاشتی ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە.