بانکی ناوەندی عێراق سزای بەسەر سێ بانکی ئێراندا سەپاند

بانکی ناوەندیی عێراقی
بانکی ناوەندیی عێراقی

K24 – هەولێر:

بانکی ناوەندی عێراق بەهۆی گەمارۆکانەوە مۆڵەتی سێ بانکی ئێرانی هەڵوەشاندەوە.

عەمار حەمەد خەلەف، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری بانکی ناوەندیی عێراق لە نامەیەکدا بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکی میللیی ئێران نووسیویەتی بە سەرنجدان بە زیانەکانی لقی ئەم بانکە لە عێراق و سنوورداربوونی چالاکییەکانی، بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاری داوە مۆڵەتی کارکردنی لە عێراق هەڵوەشێنێتەوە.

سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراقیش بە ئاژانسی هەواڵی ئیسنای رایگەیاند، ئەم هەواڵە لەلایەن دەڵاڵەکانەوە گەورە کراوەوە بۆ ئەوەی رێ لە دابەزینی بەهای دۆلار بگرن.

یەحیا ئال ئیسحاق دەشڵێت، بانکە ئێرانییەکانی میللی، پارسیان و تەعاونی ئیسلامی لە عێراق دوو ساڵ پێش ئێستا چالاکییەکانیان راگرتووە و بە هیچ شێوەیەک ئاڵوگۆڕی دراویان نەکردووە.

لەلایەن خۆیەوە عەبدولڕەحمان شێخی، شارەزای دارایی و بانکی لەو بارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەندێک گومان هەبوو لە کارەکانی ئەم بانکانە بۆیە مۆڵەتی کارکردنیان هەڵوەشێندرایەوە.

ئەو شارەزایەی دارایی باسی لەوەکرد، چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا چەندین بانک و کۆمپانیای دیکەی سەر بە ئێران لەلایەن ئەمەریکا و عێراقەوە سزایان بەسەردا بسەپێندرێت.