خاچی سوور: نزیکەی 300 کەس لە نەخۆشخانەی 'ئەمەل' لە غەززە گیریان خواردووە

نەخۆشخانەی ئەمەل لە باشووری کەرتی غەززە
نەخۆشخانەی ئەمەل لە باشووری کەرتی غەززە

K24 – هەولێر:

رێکخراوی خاچی سوور رایگەیاند، نزیکەی هەشت هەزار کەس لە نەخۆشخانەی ئەمەل لە باشووری کەرتی غەززە گواسترانەوە، هاوکات نزیکەی 300 کەسیش تا ئێستا لەو نەخۆشخانەیە ماون و گیریان خواردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە (6ـی شوباتی 2024) رێکخراوی خاچی سوور ئاماژەی بەوەدا، نزیکەی هەشت هەزار کەس کە لە نەخۆشخانەی ئەمەل لە باشووری کەرتی غەززە گەمارۆدرابوون گواستنرانەوە، لە کاتێکدا نزیکەی 300 کەسیش لەو نەخۆشخانەیە گیریان خواردووە لەنێویشیاندا کەسانی بەساڵاچوو هەن.

تۆماسۆ دێلا لۆنگا، گوتەبێژی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کۆمەڵەی خاچی سوور و مانگی سوور لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە جنێڤ گوتی: دۆخی مرۆیی کەرتی غەززە لە دۆخێکی کارەساتبار زیاترە.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی گوت: لە ئێستادا نزیکەی سەد کەسی بەساڵاچوو و خاوەن پێداویستی تایبەت هەن کە نەیانتوانیوە نەخۆشخانەکە بەجێبهێڵن، 80 نەخۆش، 100 کارمەند و خۆبەخش هێشتا لە ژوورەوەن.

رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردەسەر ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران و زیاتر لە 240 کەسیش دەستبەسەر کران کە تاكو ئێستا زیاتر لە 100 کەسیان ئازادکراون.

ئیسرائیل بەڵێنی نەهێشتنی حەماسی داوە، بۆیە لە 27ـی ئۆکتۆبەرەوە هێرشێکی زەمینی بەرفراوانی ئەنجامداوە و بەهۆیەوە 27 هەزار و 585 کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.

تۆماسۆ دێلا لۆنگا باسی لەوەشکرد، ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە نەخۆشخانەی ئەمەل بە شەڕی سەخت گەمارۆدراوە و "چەند جارێکیش بۆردومان کراوە"، لەنێویاندا هەینی رابردوو، هەروەها شەڕەکە بووە هۆی کوژرانی سەرۆکی بەشی گەنجان و خۆبەخشانی مانگی سووری فەڵەستین.

شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە کە بە گوتەی ئیسرائیل بەرپرسانی حەماس لێیە و، شارەکە گۆڕاوە بۆ شوێنێکی بەرفراوانی وێرانە.

نەخۆشخانەی ئەمەل یەکێکە لە نەخۆشخانە گرنگەکانی شارەکە، هاوشانی نەخۆشخانەی ناسر کە بەهەمان شێوە بەهۆی شەڕەوە گەمارۆدراوە.

لای خۆیەوە ئەشرەف قودرە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستینی سەر بە حەماس گوتی: داگیرکاری ئیسرائیل گەمارۆکانی سەر کۆمەڵگەی پزیشکی ناسر توندتر دەکات و دەوروبەرەکەی دەکاتە ئامانج بە شێوەیەکی چڕ.

ئاماژەی بەوەشکرد، "داگیرکاری ئیسرائیل ژیانی 300 کارمەندی پزیشکی و 450 بریندار و دە هەزار ئاوارە خستووەتە مەترسییەوە. بە نیگەرانیەوە باسی لەوەشکرد، بەهۆی کەمی سووتەمەنی مۆلیدە کارەباییەکانی کۆمەڵگەی پزیشکی ناسر لە ماوەی چوار ۆژدا دەوستن.