ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پڕۆژە یاسایەکی هاوکاری ئیسرائیلی رەتکردەوە

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا

K24 – هەولێر

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پڕۆژە یاسایەکی کۆمارییەکانی رەتکردەوە کە بۆ هاوکاری ئیسرائیل پێشکەشیان کردبوو.

دوێنێ سێشەممە، 6ـی شوباتی 2024، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پڕۆژە یاسایەکی رەتکردەوە کە لەلایەن کۆمارییەکانەوە پێشکەشکرابوو بۆ دابینکردنی 17.6 ملیار دۆلار بۆ ئیسرائیل. لەکاتێکدا دیموکراتەکان رایانگەیاند کە دەیانەوێت لەبری ئەوە دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسایەکی گشتگیرتر بدەن کە هاوکات هاوکاری ئۆکرانیا و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ دابینکردنی بودجەی مرۆیی و دابینکردنی پارە بودجەی نوێ بۆ هێزە ئەمنییەکان. 250 نوێنەر دەنگیان بە ڕەشنووسی یاساکە دا، 180 نوێنەریش رەتیان کردەوە و پەسەند نەکرا، چونکە بە رێکارێکی خێرا خرابۆیەڕوو کە پێویستی بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگ هەبوو بۆ پەسەندکردنی.

سەرەڕای ئەوەی 14 نوێنەری کۆمارییەکان دژی پڕۆژە یاساکە بوون، 46 نوێنەری دیموکراتەکان پشتگیرییان لێکرد.

پێشکەشکردنی کۆمەک بە ئیسرائیل کە یەکێکە لە گەورەترین هاوکاری دەرەکی ئەمەریکا، لە کۆنگرێسدا پشتیوانییەکی بەهێزی دوولایەنەی هەیە. بەڵام زۆرێک لە دیموکراتەکان پڕۆژە یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانیان بە فێڵێکی سیاسی لەلایەن کۆمارییەکانەوە ناوبرد بۆ لادانی سەرنج لە دژایەتی پڕۆژە یاساکەی ئەنجومەنی پیران، کە بریتییە لە 118 ملیار دۆلار لە بودجە و تێکەڵکردنی چاکسازی لە سیاسەتی کۆچبەری ئەمەریکا و دابینکردنی بودجەی نوێ بۆ ئاسایشی سنوورەکان و دابینکردنی ملیارەها دۆلار بۆ یارمەتییە فریاگوزاریەکان بۆ ئۆکرانیا و ئیسرائیل و هاوبەشەکانی واشنتۆن لە ناوچەی هیندستان-زەریای هێمن.

سەرکردەکانی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیران پێشووتر رایانگەیاندبوو، کە لەو بڕوایەدا نین ئەو ڕێوشوێنە بۆ تێپەڕاندنی، دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت.

لای خۆیەوە رۆزا دیلاورۆ، نوێنەری باڵای دیموکراتەکان لە لیژنەی تەرخانکردنی پارە لە ئەنجومەنی نوێنەران گوتی: "بەو شێوەیەی ناگەینە ئەنجام، دابینکردنی هاوکاری مرۆیی هاوپەیمانەکانمان بۆ هاوپەیمانەکانمان". گوتیشی، "داوا دەکەم تەنیا ئەو پڕۆژە یاسایە رەتبکرێتەوە کە تەنها بۆ ئیسرائیل دیاری کراوە.