کەمال محەممەد: کابینەی نۆیەم پاڵپشتی پڕۆژەی خانووی پلاستیکی کردووە

خانووی پلاستیکی
خانووی پلاستیکی

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری پلان لە دیوانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتی کشتوکاڵ لە کابینەی نۆیەمدا پاڵپشتی جووتیارانی کردووە بۆخانووی پلاستیکی. 

کەمال محەممەد، بەڕێوەبەری پلان لە دیوانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، لە میانەی گەشتێکی هەواڵیدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، پڕۆژەی خانووی پلاستیکی لە ساڵی 2007دا دەستمان پێکرد، بە بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ ئێمە تۆزێک دواکەوتبووین. وەزارەتی کشتوکاڵ لە کابینەی پێنجەم دەستی کرد بە دابەشکردنی خانووی پلاستیکی بەسەر جووتیاران بە پاڵپشتی 100% بەبێ بەرامبەر، بۆ ئەوەی بەرهەمی سەوزە لە هەرێمی کوردستان زیاد بکەین، لە کێڵگەی کراوە بۆ کێڵگەی داپۆشراو. بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لە هەموو وەرزەکان بەرهەمی سەوزە بەرهەم بهێنین، بەتایبەت لە وەرزی زستاندا.

بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە: "وەزارەتی کشتوکاڵ ئێستاش پاڵپشتی ئەو خانووە پلاستیکییانە دەکات، کە بە چاندنی هایدرۆ پۆنیکی لە شێوەی تونێل دراوە بە جووتیاران. وەبەرهێنەرەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان یارمەتی وەزارەتی کشتوکاڵیانداوە. هەروەها وەزارەتی کشتوکاڵ لە کابینەی نۆیەمدا زۆر پاڵپشتی ئەم خانووە پلاستیکییانەی کردووە. بۆ ئەوەی جووتیار رووبەڕووی وشکەساڵی ببنەوە و بەرهەمێکی باش بەرهەمبهێنن لە زستاندا".

کەمال محەممەد، بەڕێوەبەری پلان رایگەیاند، "ئەو پڕۆژەی ئێمە دەستمان پێکرد وەک وەزارەتی کشتوکاڵ نزیکەی 1766 خانووی پلاستیکی دابەشکران بەسەر جووتیارانی هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەکو یەک. لە ئیستادا ئەو خانووە پلاستیکانە رێژەکانیان لە نێوان پارێزگاکاندا هەندێک جیاوازی هەیە، زیاتر ئەو خانووانە لە پارێزگای سلێمانییە.