چالاکوانە سیاسی و مەدەنییەکانی ئێران داوادەکەن چیدیکە هاووڵاتییان لە سێدارە نەدرێن

چالاکوانە سیاسی و مەدەنییەکانی ئێران داوای کۆتاییهێنان بە لەسێدارەدانی هاووڵاتییان دەکەن
چالاکوانە سیاسی و مەدەنییەکانی ئێران داوای کۆتاییهێنان بە لەسێدارەدانی هاووڵاتییان دەکەن

K24 - هەولێر

زیاتر لە 400 چالاکی سیاسی و مەدەنیی ئێرانی لە نامەیەکدا داوا لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن کۆتایی بە لەسێدارەدانی هاووڵاتیان بهێنن.

لانیکەم 430 چالاکی سیاسی و مەدەنیی ئێران لە راگەیەندراوێکدا کە لە کاناڵی تێلێگرامی کەلیمەدا بڵاوکراوەتەوە بە ئاماژەکردن بە لەسێدارەدانەکانی ئەم دواییەی زیندانیانی سیاسی لە ئێران، نووسیویانە: زۆربەی ئەو کەسانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە، هەر بە گوێرەی یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش نابێ لەسێدارە بدرێن.

ئەم چالاکانە جەختیان کردووەتەوە ئەوەی لە ئێران دەکرێت، نەک جێبەجێکرانی یاسا بەڵکوو تۆڵەسەندنەوەی حکومەت لە خەڵک و دروستکردنی کەشێکی پڕ لە ترس و تۆقاندن و پێشاندانی هێزی حکومەتە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی مانگی یەکی 2024ـدا بە پێی ئامارەکانی رێکخراوێکی مافی مرۆڤی هەنگاو،  لانیکەم 74 سزای لە سێدارەدان لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراون کە 34 کەسیان کوردبوون.

کاتژمێر پێنجی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە (29ی کانوونی دووەمی 2024) دەسەڵاتی دادوەری ئێران جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی چوار گەنجی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە، کە هەر چواریان زیندانی سیاسیی بوون.

دەسەڵاتی دادوەری ئێران پاساوی لەسێدارەدانی ئەم چوار گەنجە سیاسییە کوردەی بۆ بوونی پەیوەندی سیخوڕی بۆ مۆسادی ئیسرائیل گەڕاندووەتەوە، کە لە (18ی ئەیلوولی 2023) لە لقی 26ی دادگای تاران سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە، بەڵام رێکخراوی هەنگاو ئاماژەیداوە، تەنانەت بەپشتبەستن بە پێوەرە ناوخۆیییەکانی ئێرانیش کەمترین پێوەرەکانی دادگاییکردنێکی شەفاف و دادپەروەرانە لە دۆسیەکەیاندا رەچاو نەکراوە و مافی بوونی پارێزەریشیان نەبووە، بۆیە ناڕونییەکی تەواو لە دۆسیەی تۆمەتبارکردن و دادگاییکردنەکەیاندا هەیە.