شاخەوان عەبدوڵڵا: کێشەکەی جووتیارانی سنووری سەرگەڕان چارەسەرکرا

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان قسەیکردووە و کێشەی زەوی جووتیارانی سنووری سەرگەڕانی چارەسەرکردووە.

وابڕیار بوو ئەمڕۆ چوارشەممە، 07-02-2024، لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دووبز بچنە سنووری ناحیەی سەرگەڕان، لە پارێزگای کەرکووک و زەوی جووتیارانی کورد بدەنە عەرەبە هاوردەکان. وەک نەڕەزایەتییەک لە دژی ئەو کارە، جووتیارە کوردەکان خۆیان بۆ خۆپیشاندان ئامادەکردبوو.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، لەگەڵ قائیمقامی دووبز و لایەنە پەیوەندیدارەکان قسەیکردووە و، کێشەی ئەو جووتیارانەی چارەسەرکردووە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە جووتیارانی سنووری ناحیەی سەرگەڕان کرد بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و خۆپیشاندان نەکەن، چونکە وەکو خۆی گوتی، کێشەکەیانی چارەسەرکردووە و لیژنەکە سەردانی دەڤەرەکە ناکات.

ناحیەی سەرگەڕان دەکەوێتە سەر بەقەزای دووبزە لە پارێزگای کەرکووک. عەرەبی هاوردە کە لە سەردەمی بەعس هێنراونەتە سنوورەکە؛ لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە بە هاوکاریی سوپای عێراق چەندین جار هێرشیان کردووەتەسەر گوندنشینانی ناوچەکە و زەوییەکانیانیان داگیرکردووە.