دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە بەغدا داوای دامەزراندن دەکەن

K24 - هەولێر

بەشێکی زۆر لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان کە ژمارەیان لەسەرووی هەزار کەس دەبێت لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگای بەغدا خۆپیشاندانیان کرد و داوای دامەزراندن دەکەن، بەوپێیەی کە بەشێکیان خۆبەخشن و بەشێکیان گرێبەستن هەروەها بەشێکیشی هەردانەمەزراون.

یەکێک لە خۆپیشاندەران گوتی: ئەوە سێ ساڵە ئێمە دێین و داواکاریمان هەیە کە دابمەزرێین لەسەر پشکی وەزارەتی پەروەردە، هەروەها لەو وەزارەتە کەموکوڕییەکی زۆر هەیە لەرووی فەرمانبەرانەوە، بۆیە ئێمەش هاتووین کە مافی خۆمان وەرگرین و بتوانین دابمەزرێین.

گوتیشی: ئێمە لە بەغدا و دەرەوەی بەغداش هاتووین ناڕەزایەتی دەرببڕین و سکاڵای خۆمان تۆمار بکەین، داواش لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەین بە ئینسافەوە مامەڵەمان لەگەڵ بکەن و بەدەنگمانەوە بێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، پارێزگاری پێشووی بەغدا هیچ نافێکی بە ئێمە نەدا، بەڵام ئێستا ئێمە داوا لە محەمەد شیاع سوودانی دەکەین داواکارییەکانمان جێبەجێ بکات.

یەکێکی دیکە لە خۆپیشاندەرەکان گوتی: من حەفت ساڵە خزمەتم هەیە و سێ ساڵیشە داوا دەکەین دابمەزرێین، بۆ ئەوەی بگەین بە ماف و شایستەکانی خۆمان، گوتیشی: من لەنەجەفەوە هاتووم، ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێت ئەوە لە گۆڕەپانەکان دەمێنینەوە و خۆپیشاندانەکانیش بەردەوام دەبێت.