سوودانی: پاساوەکانی ئێران بۆ هێرشەکانی رەتکراوەن

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 - هەولێر

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، دەستدرێژی وڵاتانی دراوسێ لە ژێر هەر پاساوێک بێت، بۆ هێرشکردنە سەر خاکی عێراق رەتکراوەیەو ئەمەشمان بە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئێران راگەیاندووە، ئەگەر هەر نیگەرانیی و ترسێکیان هەبێت، دەکرێت لە رێگەی لیژنەی هاوبەشی ئەمنییەوە چارەسەر بکرێن.

سوودانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران گوتی، لەم دوایانەدا بە چەند پاساوێک لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە هێرشکراوەتە سەر عێراق، بەڵام پاساوەکان هەر چییەک بن رەتکراوەن، چونکە جێبەجێکردنی یاسا لە خاکی عێراقدا، بەگوێرەی دەستوور و یاسا و داب و نەریتە نێودەوڵەتییەکان، ئەرک و دەسەڵاتی حکومەتی عێراقە، بۆیە هیچ وڵاتێک بۆی نییە تاکلایەنە رەفتارو کردەوەی هەبێت، سازش لەگەڵ هیچ وڵاتێک ناکەین ئەگەر پەیوەندییەکانیشمان لە سەر ئاستی سەروەریی و ئاسایشی عێراقەوە بێت، ئەمە جێگیرو نەگۆڕە.

سوودانی گوتیشی؛ بە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئێرانیمان راگەیاندووە، پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران مێژووییە، بەڵام ئەمە رێگەخۆشکەر نییە بۆ ئەو هێرشەی کراوە، ئەگەر مەترسی یان گومانی ئەمنی هەیە، دەکرێت لە رێگەی دامەزراوە فەرمییەکانەوە چارەسەر بکرێت، چونکە لیژنەیەکی هاوبەشی ئەمنیمان هەیە و دەتوانرێت لە رێگەی ئەم لیژنەیەوە پرسەکان چارەسەر بکرێن.

ئەم قسانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە، کە 24 رۆژ بە سەر هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران تێدەپەڕێت، کە بە پاساوی بە ئامانجگرتنی بنکەیەکی مۆسادی ئیسرائیل، شەوی (15ی کانوونی دووەمی 2024) بە ژمارەیەک مووشەک ماڵی پێشڕەو دزەیی گەورە بازرگانی هەرێمی کوردستانی لە هەولێر کردە ئامانج، بەهۆیەوە چوار کەس شەهیدبوون، کە یەكێکیان کچێکی تەمەن 11 مانگی بوو، هەروەها شەش کەسی دیکەش برینداربوون کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانەکەی پێشڕەو دزەیین، بەڵام تاوەکوو ئێستا حکومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەگرتووەتەبەر، هەرچەندە لیژنەی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و هەر دوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق سەردانی شوێنی هێرشەکەیان کرد و رایانگەیاند، ئەو شوێنەی مووشەکبارانکراوە خانووی هاووڵاتییەکی سڤیلە و هیچ بەڵگەیەک نییە پاساوەکەی ئێران پشتڕاست بکاتەوە.