بلینکن: ئێران و گرووپە میلیشیاکان بەردەوامن لە فراوانکردنی ئاڵۆزیی و گرژییەکان

ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، ئێران و گرووپە میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسداران بەردەوامن لە هەوڵی فراوانکردنی ململانێکان بۆ زیادکردنی ئاڵۆزیی و گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

بلینکن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ئیسرائیل رایگەیاند، هەوڵدەدەن دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاسایی بکەنەوە و ئاشتی لە نێوان ئیسرائیلی و فەڵەستینییەکان دەستەبەر بکەن و وەک دوو دەوڵەتی دراوسێ بژین.

هەروەها رایگەیاند، ئەمەریکا کاردەکەن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی سعوودیە، بەڵام هەندێک لایەن لە ناوچەکە رێگری لەم هەوڵانە دەکەن و نایەنەوێت ببنە راستی.

ئاماژەی بەوەشدا، ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە بەردەوامن لە زیادکردنی گرژی و ململانێکانی ناوچەکە، بەڵام ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پاراستنی هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە دوای (7ی ئۆکتۆبەری 2023) و سەرەتای شەڕی حەماس و ئیسرائیل، ئەمە پێنجەمین گەشتی ئەنتۆنی بلینکنە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت بۆ هەر یەک لە سعوودیە، میسر، قەتەر و ئیسرائیل و کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین بە ئامانجی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ ئاگربەست و سنووردارکردنی دەستوەردانەکانی ئێران لە کێشە و کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە، بە تایبەت پرسی فەڵەستین.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوە و یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل تاوتوێی گرنگی گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کردووە لەگەڵ لە گرنگی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین و بە مەرجی زامنکردنی ئاسایشی ئیسرائیل.