محەمەد شوکری: هەرێمی کوردستان توانای راکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی هەیە

K24 - هەولێر

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان توانای راکێشانی وەبەرهێنەری زۆری هەیە، ئێمەش وەکو دەستەی وەبەرهێنان و نووسینگەی سەرۆکوەزیرانیش هەموو ئامادەییەکمان کردووە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی کە بێن لێرە سەرمایەکەیان بەگەڕ بخەن.

د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەرێمی کوردستان توانای راکێشانی وەبەرهێنەری زۆری هەیە، ئەمەش لە چەند رووێکەوەیە، یەکێک لەوانە سەرچاوەکانی ژێرزەوی و سەرزەوییە، هەروەها هەبوونی خاکێکی بەپیت و ئاو و شوێنی گەشتیاری.

گوتیشی: هەرێمی کوردستان لەداهاتوودا دەبێتە شوێنێکی گرنگی وەبەرهێنەرانی بیانی، ئەمەش بەهۆی ئەو ئامادەکارییانەیە کە ئێستا لەهەرێمی کوردستاندا دەکرێت، دەشڵێت: رەنگە ئێمە لەهەموو سێکتەرەکان پێویستمان بە وەبەرهێنەری بیانی نەبێت. بەڵام لە هەندێک سیکتەری وەک پڕۆژەی ژێرخانی ئابووری گەورە و رێگاکانی هاتووچۆ و شەمەندەفەر و هاتووچۆی گشتی ناو شارەکان، هەروەها دروسکردنی سەد و کارگە و سوود وەرگرتن لە کانزاکان، ئەوانە هەمووی پێویستی بە سەرمایەی بیانییە.

محەمەد شوکری، ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەوداتایانەی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەمە دەردەکەوێت کە هەرێمی کوردستان جیاواز لەناوچەکانی دیکە هەم ئاوەکەی هەم زەوییەکەی بۆ کشتوکاڵ باش و گونجاوە، ئەمانەش فاکتەری گرنگن بۆ راکێشانی وەبەرهێنەری بیانی.

باسی لەوەشکرد، ئێمە وەکو دەستەی وەبەرهێنان و نووسینگەی سەرۆکوەزیرانیش هەموو ئامادەییەکمان کردووە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی کە بێن لێرە سەرمایەکەیان بەگەڕ بخەن.

كابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دامەزراندنییەوە تاوەکو ئێستا، لەرێگەی دەستەی وەبەرهێنان 404 مۆڵەتی وەبەرهێنان بە سەرمایەی زیاتر لە 17 ملیار دۆلاری ئەمەریكی بە پرۆژەكانی داوە. تێكڕای مۆڵەتپێدان لە ساڵێكدا لە كابینەی نۆیەمدا لە سەرووی 100 مۆڵەتەوە بووە بۆ تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان.

هەر لەو ماوەیەدا، 103 پڕۆژە بۆ پیشەسازی و كارگەی گەورە، بە تایبەتیش لە بواری شیش و چیمەنتۆ، لەگەڵ 17 پڕۆژەی كشتوكاڵی، 55 پرۆژەی گەشتیاریی مۆڵەتیان پێ دراوە.

سەرباری ئەو پرۆژانە، پرۆژەی دیکە لە بواری پەروەردەیی و تەندروستی و نیشتەجێبوون و بازرگانی جێبەجێکراون، بەڵام سەرنج و گرنگیی سەرەكی بۆ پرۆژە پیشەسازیی و كشتوكاڵیی و گەشتیارییەكان بووە.

كابینەی نۆیەم بۆ پتەوكردنی وەبەرهێنان و نوێكردنەوەی ئەو بوارە، 39 مۆڵەتی وەبەرهێنانی بەهۆی كەمتەرخەمیی وەبەرهێنەران و كەموكورتیی پرۆژەكان هەڵوەشاندووەتەوە و دراونەتەوە وەبەرهێنەری چالاك، جگە لەوەش چەندین پرۆژەی هەڵپەسێردراو كەوتوونەتەوە كار.