سەرۆکی دادگای دەستووری تورکیا: نابێت هیچ لایەنێک بڕیارەکانمان رەتبکاتەوە

زوهتو ئارسڵان، سەرۆکی دادگای دەستووری تورکیا
زوهتو ئارسڵان، سەرۆکی دادگای دەستووری تورکیا

K24 – هەولێر:

جارێکی دیکە قەیرانی یاسایی نێوان دوو دادگای باڵای تورکیا سەریهەڵداوەتەوە و سەرۆکی دادگای دەستووری تورکیا دەڵێت، هەر بڕیارێک لەلایەن دادگای دەستوورییەوە درابێت، پێویستە سەرجەم لایەنەکان پابەندی بن. لەبەرامبەردا راوێژکارێکی رەجەب تەیب ئەردۆغان وەک وەڵامێک دەڵێت، دادگای دەستووری تورکیا مافی ئەوەی  نییە هەڵسەنگاندن بۆ دۆسیەیێکی داخراو بکات.

قەیرانی یاسایی نێوان دوو باڵای تورکیا جارێکی دیکە دەبێتەوە رۆژەڤی سەرەکی ئەو وڵاتە و دەستپێکی قەیرانەکە بۆ دۆسیەی جان ئاتاڵای دەگەڕێتەوە کە هەردوو دادگای دەستووریی و دادگای باڵای ئەو وڵاتە، دوو بڕیاری جیاوازیان لەبارەی دۆسیەی ناوبراوەوە دابوو.

زوهتو ئارسڵان، سەرۆکی دادگای دەستووری تورکیا لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی ئەرکی ئەندامێکی نوێی دادگاکە بە ئامادەبوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پێویستە هەموو لایەک پابەندی بریارەکانی دادگای دەستووری بێت، رەتکردنەوەی ئەو بڕیارانە هیچ بنەمایەکی یاساییان نییە.

سەرۆکی دادگای دەستووری تورکیا گوتیشی: "جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگای دەستووری تورکیا بە پاساوی بوونی لێکدانەوەی یاسایی جیاواز سەرەڕای ئەوەی کە لە تەمیز گەڕاوەتەوە و دادگای دەستووری بڕیاری لەسەرداوە، هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە. لەوانەیە بڕیار و حوکمەکانی دادگای دەستوور بەدڵی کەسانێک نەبێت بەڵام لە دەوڵەتی یاسا هەرچەندە بڕیارەکانی دادگا بەدڵیشمان نەبێت، پابەندبوون بە بڕیارەکان ئەرکێکی دەستوورییە"

بابەتەکە پەیوەندیی بە سکاڵای کەسیی هەیە کاتێک کەسێک سزای بەسەردا سەپێندرابێت، دەتوانێت سکاڵای کەسی لە دادگای دەستوور تۆمار بکات. محەمەد ئوچوم، راوێژکاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا وەک وەڵامێک بۆ قسەکانی سەرۆکی دادگای دەستووری تورکیا رایگەیاند، دادگای دەستووری تورکیا مافی ئەوەی نییە هەڵسەنگاندن بۆ دۆسیەیەکی داخراو بکات و راشیگەیاند، تەنیا دادگای تایبەتمەند دەتوانێت بڕیار لەبارەی دۆسیەیەک بدات کە پێشتر بڕیاری لەسەرداوە.

قەیرانی یاسایی بەهۆی سکاڵایەکی جان ئاتاڵای پەرلەمانتاری هەڵبژێردراوی پارتی کرێکارانی تورکیا بوو کە پێشتر بەندکراوە و تا ئێستاش لە بەندیخانە دایە. بەگوێرەی یاساکانی تورکیا هەر کەسێک وەک پەرلەمانتار هەڵبژێردرێت، سەرجەم حوکمەکانی سەری لادەدرێت، بەڵام ئەمجارەیان سەرەڕای بریاری دادگای دەستوور و هەوڵی ئازادکردنی، دادگای باڵای تورکیا رێگەی نەدا ئازاد بکرێت و لە رێگەی نووسراوێکەوە پەرلەمانتاریی جان ئاتاڵای هەڵوەشێندرابوویەوە.

پێشتریش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو، سەرجەم دامەزراوەکانی تورکیا بە دادگا باڵاکانیشەوە بەدەر نین لە رەخنەگرتن و تانەلێدان و ئاماژەی بەوەکردبوو: "ئەمجارەیان رووبەڕووی کێشەیەکی جیاواز بووینەتەوە، من وەک سەرۆککۆمار لەم کێشەیەدا لایەنگر نیم بەڵکو ئەرکی دادوەرییم لە نێوان هەردوو دامەزراوەدا هەیە. چارەسەری کێشەی نێوان دادگای دەستوور و دادگای باڵا بێگومان دەستوورە. بەڵام وادیارە دەستوور و یاساکانمان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بەپێی پێویست نین".

لە بەرامبەر ئەوەشدا، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لە وەڵامی هەوڵەکانی ئەردۆغان باسی لەوەکردبوو: "تورکیا خاوەن نەریتێکی بەهێزی دەستوورییە بەڵام ئاکپارتی هەوڵدەدات دەستوور لە تورکیا نەهێڵێت. بەر لە قسەکانی ئەردۆغان، کێشەکە وەک قەیرانێکی یاسایی دەبینرا بەڵام دوای قسەکانی ئەردۆغان دەرکەوت هەوڵ دەدرێت سیستمی دەستووری لە تورکیا هەڵبگیرێت، وادیارە ئەوەی کراوە هەوڵی کودەتایە بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان لەدژی ئیرادەی خەڵک".