کازم زوبەیدی: ئێران دەستبەرداری گرووپە چەکدارەکانی عێراق بووە

کازم زوبەیدی، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەمنی
کازم زوبەیدی، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەمنی

K24 – هەولێر:

شرۆڤەکارێکی سیاسی و ئەمنی دەڵێت: هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ناکشێنەوە، بەڵکو دوای کوژرانی سێ سەربازیان لە ئوردن ، زیاتر رژدتر دەبن لەسەر بە ئامانجگرتنی سەرکردە و پێگەکانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق.

کازم زوبەیدی، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەمنی بە کوردستان24ـی راگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ناکشێنەوە و ئەم بابەتە کۆتایی پێهاتووە، بە بەڵگەی ئەوەی لە ماوەی رابردوودا عێراق و ئەمەریکا بڕیاری دانوستان و گفتوگۆیان دا بۆ مەبەستی واژۆکرانی رێککەوتنێکی سیاسی، "هەموومان دەمانزانی ئەمەریکا وەڵامێکی تووندی بۆ گرووپە چەکدارەکان دەبێت بە تایبەت کاتێک هێرشکرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانیان لە ئوردن کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سێ سەرباز".

ئەو شرۆڤەکارە سیاسی و ئەمنییە، دەڵێت: کوشتنی ئەم سێ سەربازەی ئەمەریکا لە ئوردن هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر سێ قۆناغ دابەشکردووە. یەکەمیان؛ بە ئامانجگرتنی توانە مادییەکانی گرووپە چەکدارەکان، دووەم؛ بەئامانجگرتنی چەکدارەکان و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی.

کازم زوبەیدی، ئاماژەی بەوەدا، ئەم سەرکردانەی حزبووڵا کە دوێنێ کوژران سەرکردەی باڵان و هاوشێوەی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس. گوتیشی: دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق تەنیا بە قسە نابێت، بەڵکو دەبێت بە رێگەیەکی یاسایی ئەو هێزانە عێراق جێبهێڵن، ئەو رێگەیەش پێویستە پڕۆژەیاسایەک لە پەرلەمانی عێراقەوە و دەربکرێت و دەنگی پێبدرێت و دواتر بچێتە ئەنجوومەنی وەزیران تاوەکو  پەسەند بکرێت.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسی و ئەمنییە، ئەوەشی راگەیاند، لە هەموو لایەکەوە سەروەری خاکی عێراق پێشێل کراوە و لە دەستی حکومەتەکە نەماوە، پێویستە سەروەرییەکە بەر لە هەموو شتێک لە ئاسمانەوە بێت.

کازم زوبەیدی لە رێگەی شاشەی کوردستان24ـەوە پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسیەکانی عێراق کرد و گوتی: سیاسیەکانی عێراق ئاگاداربن، ئێران دەستبەرداری گرووپە چەکدارەکانی عێراق بووە، هەروەها  دەستبەرداری سیاسەتمەدارەکانی عێراقیش بووە.

شەوی (7ـی شوباتی 2024) لە بەغدا ئۆتۆمبێلێک لە هێرشێکی درۆنیدا کرایە ئامانج لە ناوچەی مەشتەلی رۆژهەڵاتی بەغدا و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران کە دوو سەرکردەی کەتائیبی حزبووڵڵا بە ناوەکانی ئەبو باقر ساعیدی و ئەرکان عەلیاوی لەنێو کوژراوەکاندان و دواتر حزبووڵڵای عێراقی لە راگەیەندراوێکدا کوژرانی ئەو دوو سەرکردەیەی پشتڕاستکردەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئۆتۆمبێلەکە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی MQ9 کراوەتە ئامانج، هەمان جۆری ئەو فڕۆکەیە کە بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە ساڵی 2020 بەکارهێندرا.

هەروەها سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، ساعیدی بەرپرسی سیستمی دروستکردنی مووشەک و درۆنەکانی حزبووڵڵای عێراقە کە لە هێرشەکەدا کوژرا.