رێناس جانۆ: رەوشی عێراق لە رووی ئەمنی و سیاسی و ئابوورییەوە سەقامگیر نییە

"بوونی هێزی هاوپەیمانان لەناو خاکی عێراقدا هۆکاری خۆی هەیە"
بوونی هێزی هاوپەیمانان لەناو خاکی عێراقدا هۆکاری خۆی هەیە
بوونی هێزی هاوپەیمانان لەناو خاکی عێراقدا هۆکاری خۆی هەیە

K24 - هەولێر

ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بوونی هێزی هاوپەیمانان لەناو خاکی عێراقدا هۆکاری خۆی هەیە. ئەوەی ئێستاش روودەدات یەکەمجار نییە کە داوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکرێت.

ئەمڕۆ شەممە، 10ـی شوباتی 2024، د. رێناس جانۆ، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە میانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، نامەوێت ئەم بابەتە قەتیس بکەینەوە بە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، چونکە خۆی لە خۆیدا بابەتەکە هەموو عێراق دەگرێتەوە، ئەوەندەی سوونەکان و شیعەکان پێویستییان بە مانەوەی هێزی هاوپەیمانانە، رەنگە کوردەکان دوای ئەوان پێویستییان پێی هەبێت.

بەگوتەی ئەو ئەندامەی پێشوو: "رەوشی عێراق لە رووی ئەمنی و سیاسییەوە ئابوورییەوە رەوشێکی سەقامگیر نییە، بوونی هێزی هاوپەیمانان لەناو خاکی عێراقدا هۆکاری خۆی هەیە. ئەم پشێوییەی ئێستای هەندێک لایەنی هەڵچووی ناو هێزی سیاسی نیشانی دەدات یەکەمجار نییە کە داوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکات لەناو خاکی عێراقدا، یاخود هێزی لەشکری ئەمەریکی لە ساڵی 2008ەوە دەستی پێکردووە لەسەردەمی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا، دوای ئەوەش لە ساڵی 2011 زۆر داکۆکییان کرد کە لەسەر پڕۆگرامی چۆنییەتی کشانەوەی هێزەکان بکرێت لە خاکی عێراق، بڕیار بوو لەو سالەدا هیچ ئەندام و هێزێکی ئەمەریکا لە عێراق نەمێنێت".

د. رێناس جانۆ راشیگەیاند، گفتوگۆکانی ئەوکاتەی عێراق  لەسەر هێزی مەشق و راهێنان بە هێزە عێراقییەکان بوو، چۆن دەتوانن پارێزبەندییان بۆ عێراق دروست بکرێت و بپارێزرێن لە هێرشی تیرۆرستی. ئەمەش دوای ئەوەی کە هەموو جیهان هاتنی چەکداری داعشی بینی بۆ ناو خاکی عێراق و لەدەستدانی سێ لەسەر یەکی خاکی عێراق لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە. هەر ئەوەش بووە هۆکارێکی دیکە جارێکی دیکە عێراقییەکان داوا بکەن کە ئەمەریکییەکان لە خاکی عێراق بمێنێنەوە، ئەوەی ئێشتا دەبینرێت مانەوەی هێزی ئەمەریکا لەسەر داوای لایەنە سیاسییەکانی عێراق بووە. ئەوەی ئێستاش داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکات هەموو عێراقییەکان نییە.