کوردستان24 دەکرێتە سەرچاوەی دارشتنی راپۆرتێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ کۆنگرێس

کوردستان24 وەک سەرچاوەیەک پشتی پێبەستراوە
کوردستان24 وەک سەرچاوەیەک پشتی پێبەستراوە

K24 - هەولێر

لە راپۆرتێکی پشکنەری گشتی سەبارەت بە کارەکانی هاوپەیمانی نێودەڵەوتی دژ بە داعش لە عێراق و سووریا کە بۆ کۆنگرێس ئامادەکراوە، چوار راپۆرتی جیاوازی دامه‌زراوه‌ی کوردستان24 وەک سەرچاوەی داڕشتنی راپۆرتەکە پشتی پێبەستراوە.

راپۆرتەکە، کە خراوەتە بەردەست کۆنگرێسی ئەمەریکا مەبەستییەتی هەڵسەنگاندێک بۆ کارەکانی هاوپەیمانیەتی نێو دەوڵەتی دژ بە داعش بکات، لە ماوەی مانگەکانی تشرینی یەکەم تشرینی دووەم بۆ کانوونی یەکەمی ساڵی 2023 و بۆ تیشک خستنە سەر مەترسییەکانی بەردەم هاوپەیمانیەتییەکە و بەرەوپێشچوونی کارەکانی.

بە پشتبەستن بە راپۆرتە میدیایە ناوخۆییەکان و نێودەڵەتی، بەشێکی راپۆرتەکە ئامادە دەکرێت. لە راپۆرتی ئەم سێ مانگەدا کە رۆژی هەینی 9-2-2024 بڵاوکراوەتەوە، چوار راپۆرتی  دامه‌زراوه‌ی کوردستان 24 کە لەسەر هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و جەنگی غەززە و هێزەکانی سووریای دیموکراتن، وەک سەرچاوە لەلایەن ئامادەکەرانی راپۆرتەکەوە پشتیان پێبەستراوە. راپۆرتەکان لەلایەن پەیامنێر و هەواڵسازانی کوردستان24 ڤلادیمیر ڤان ولگنبێرگ، رێناس عه‌لی و لۆری میلرۆی ئامادەکراون.

هاوکات، ئەمە یەکەمین جار نییە کە راپۆرتەکانی کوردستان24 وەک سەرچاوەی سەرەکی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسە میدیەکان و بەشیک لە راپۆرتی حکومەتەکانی ئاماژەیان پێبدرێت.

لە سەرەتای دەمەزراندنییەوە، كوردستان24 پەیمانی بە خوێنەران و بینەرانی داوە کە زانیاریی راست و درووست بۆ وەرگرانی كوردزمان لە كوردستان و ناوچەكە و تەواوی جیهان لە رێگەی تۆڕێکی میدیایی رێکخراو: رادیۆ، تەلەڤزیۆن، ویبسایت بە کوردستان24 زمانەكانی (كوردی- ھەردوو شێوەزاری "کرمانجی، سۆرانی" و ئینگلیزی، عەرەبی، توركی و فارسی) بگوازێتەوە.