یەکەم مۆزەخانەی شارستانی لە قشلەی کۆیە دەکرێتەوە

دیمەنی چەند پارچەیەکی مێژوویی و شوێنەواری لە مۆزەخانەی کۆیە
دیمەنی چەند پارچەیەکی مێژوویی و شوێنەواری لە مۆزەخانەی کۆیە

K24 - هەولێر

فەرمانگەی شوێنەواری کۆیە یەکەم مۆزەخانەی شارستانی لە قشلەی مێژووی شارۆچکەکە دەکاتەوە و ئەو پارچە و کەلوپەلە شوێنەواریانە تێیدا نمایش دەکرێن، کە لە ناوچە شوێنەوارییەکانی لە سنووردۆزراوەتەوە و لە مۆزەخانەکانی هەولێر و سلێمانی پارێزراوبوون.

فەرمانگەی شوێنەواری کۆیە، بە ھاوکاری پەیمانگای عێراقی بۆ پاراستنی شوێنەوار و بە پاڵپشتی دارایی کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە ھەولێر مۆزخانەی کۆیە دەکرێتەوە و دەیان پارچەی شوێنەواری کە بەشێکیشیان مێژووییان بۆ ھەزاران ساڵ و بەشێکی زۆریشیان بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر دەگرێتەوە و لە مۆزخانەکە دەخرێنەبەر دیدی هاووڵاتییان.

نیازی عەزیز – شوێنەوارناس مێژووی پارچە شوێنەوارییەکانی کۆیە بۆ کوردستان24 باس دەکات و دەڵێ؛"زۆربەی ئەو پارچە شوێنەواریانەی لێر نمایشکراون دەگەڕیتەوە بۆ سەردەمی ناوەڕاست و نوێی ئاشوورییەکان، هەروەها بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هێلێنستی و  ساسانییەکان و وەرکا و سەردەمەکانی دیکەی مێژوو، بۆیە پارچە نمایشکراوەکانی مۆزەخانەکە بۆ سەردەمە جیاوازەکانی مێژوو دەگەڕێنەوە".

لە سنووری شارۆچکەی کۆیە ، چەندین ناوچەی شوێنەواریی کۆن و گرنگ ھەن ، ئەو پارچە شوێنەواریانە لە ئەنجامی کنە و پشکنینی ئەو تیمانەدۆزراونەتەوە، کە کاریان لەو ناوچە شوێنەواریانە کردووە، بەڵام بەھۆی نەبوونی مۆزەخانەی شارستانی لەکۆیە ، پێشتر ئەو پارچە شوێنەواریانە لە مۆزەخانەی ھەولێر و سلێمانی پارێزراون وئێستاگەرێنراونەتەوە کۆیە .

یەکێتی واحید، بەڕێوبەری فەرمانگەی شوێنەواری کۆیە لە بارەی گرنگی و کردنەوەی مۆزەخانەکە بۆ کوردستان24 گوتی؛ "کۆیە سنوورێکی فراوان و چەندین شوێنەواری مێژوویی هەیە، بۆ ئەوەی ساڵانە کنەو پشکینینی تێدا بکرێت، بۆ ئەوەی پارچە شوێنەواریانەی دەدۆزرێنەوە هەم پاک بکرێنەوە و هەم نمایش بکرێن، کردنەوەی مۆزەخانەکەش هاندەرێکە بۆ ئەوەی کاری هەڵکۆڵین و هێنانی تیمی بیانی زیاتر بکرێ و گرنگی زیاتری پێ بدرێت"

دانانی ئەو پارچە شوێنەواریانە لە مۆزەخانەی شارستانی کۆیە، سەرەتایەکە بۆ دامەزراندنی مۆزەخانەیەکی گەورەتر و فراوانتر، ھاووڵاتییان یان گەشتیاران، کە سەردانی کۆیە دەکەن دەتوانن لە رێگەی ئەو پارچە شوێنەواریانە بە مێژووی ئەو ناوچە دێرینە ئاشنا ببن.

شارۆچکەی کۆیە لە رووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای هەولێرەو لە شارەدێکانی شۆڕش ، سكتان ، ئاشتی ، سێگردكان و تەقتەق پێكدێت. كۆیە خاوەن پێگەیەكی جیۆگرافی گرنگە لەسەر ئاستی عیراق و كوردستاندا. رووبەرەكەی 2050كم چوارگۆشەیەو بەرزیەكەی 620م لە رووی ئاستی دەریاوە دەبێت و بە هەردوو زنجیر چیای باواجی و هەیبەت سوڵتان دەوەرە دراوە.

بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان دروستبوونی كۆیە بۆ نزیكەی 2500 ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوەو زیاتر لە 80 شوێنەواری هەیە لەوانە: خرابە، كلێسە، قەڵای شیلە، ئەسكی كۆیە، گوبتەپە، سكتای قەیسەری، باواجی،سماقۆڵی میرسەید، چنارۆك و حەمامۆك، بۆ یەكەمینجار بە فەرمی لە ساڵی 1885 قوتابخانە لەو شارەدا دامەزراوەو لەساڵی 1918 كۆیە كراوە بە قەزا.

دانیشتوانی کۆیە لە كورد و كلدان پێکهاتوون، کە هاووڵاتییە کلدانییەکان لە هەرمۆتە نیشتەجێن لە باشووری شارۆچکەی كۆیە.