ترەمپ پێشتر هەڕەشەی لە وڵاتێکی ناتۆ کردووە؛ "پارە نەدەن هانی رووسیا دەدەم هێرشتان بکاتە سەر"

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا رایگەیاند، هانی رووسیا دەدات "هەرچی بییەوێت بیکات" بەرامبەر هەر وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ گەر بێتو "پارەی پێویست نەدات لە بودجەی هاوپەیمانییەکەدا".

ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی شوباتی 2024، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە میانی گردبوونەوەیەکدا لە کۆنوای ویلایەتی کارۆلاینای باشوور رایگەیاند، کاتێک من سەرۆک بووم من هەمان کارم لەگەڵ ناتۆدا کرد، وام لێکردن پارە بدەن، ناتۆ مایە پووچ بووە، گوتم هەمووان پارە دەدەن، ئەوان گوتیان: باشە ئەگەر ئێمە پارە بدەین یاخود نەیدەین، هیچ شتێک دەمانپارێزێت؟. دەشڵێت: "یەکێک لە سەرۆکەکانی وڵاتێکی گەورە هەستا و گوتی: باشە ئەگەر پارە نەدەین و رووسیا هێرشمان بکاتە سەر، دەمانپارێزیت؟ منیش گوتم: پارەت نەدا، دواکەوتوویت". گوتی: بەڵێ، گریمان ئەوە روویدا؟ ترەمپ گوتی: نەخێر، من ناتپارێزم. لە راستیدا من هانی دەدەم هەرچی دۆزەخێکی بوێت بیکات. یا دەبێت پارە بدەیت.

راستە زۆربەی وڵاتانی ناتۆ ئامانجی هاوپەیمانییەکەیان بەدی نەهێناوە کە هەر وڵاتێک لانیکەم 2%ی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ کاروباری بەرگری خەرج بکات، بەڵام 2% ئەوەیە کە ناتۆ پێی دەڵێ "رێنمایی"، ئەوە گرێبەستێک نییە پابەند بێت، پابەندبوونەکان، بەو مانایە دێت ئەندامانی ناتۆ شکستیان هێناوە لە پێدانی پشکی خۆیان لە بودجەی هاوبەش.

خەرجییەکانی وڵاتانی ناتۆ لە دوو ساڵی کۆتایی ئیدارەی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دەستی بە زیادبوون کرد، ئەمیش دوای ئەوەی نیمچە دوورگەی کریمە لە ساڵی 2014 پەیوەندی بە رووسیا کرد.

ناتۆ لە ماڵپەڕەکەیدا رایگەیاند، ساڵی 2022 "هەشتەمین ساڵە لەسەریەک کە خەرجییەکانی بەرگری لە سەرانسەری هاوپەیمانەکانی ئەوروپا و کەنەدا بەرزبووەتەوە."

لای خۆیەوە، دوێنێ شەممە، 10ـی شوباتی 2024، کۆشکی سپی لێدوانەکانی ترەمپی بە "ترسناک" ناوبرد و ستایشی هەوڵەکانی سەرۆک جۆ بایدنی کرد بۆ بەهێزکردنی ناتۆ.

ئاندریۆ بیتس، گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی، "هاندانی هێرشکردنە سەر نزیکترین هاوپەیمانەکانمان ترسناکە و ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا و سەقامگیری جیهانی و ئابووریمان دەخاتە مەترسییەوە".