پەری شارێ: لە زۆربەی نوسینەکانم جۆرێک لە یاریکردن بە وشە و پرسیار دروستکردن لای خوێنەر دەخوڵقێنم

خانمە شاعیر پەری شارێ
خانمە شاعیر پەری شارێ

K24 - هەولێر

خانمە شاعیر پەری شارێ، لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ کوردستان24، تیشک دەخاتە سەر بەرهەمە شیعرییەکانی و باس لە شیعری سەردەم دەکات.

شاعیر پەری شارێ، باسی سەرەتای شیعر نووسینی دەکات و دەڵێ: سەرەتا کە دەستم کرد بە نووسین لە بواری شیعردا، تەمەنم 17 ساڵان بوو، لەو کاتەوە تا ئەم دەمەی ئێستا ئەو خولیایەم بۆ نووسین نەک کەمی نەکردووە، بەڵکو هەمیشە لە هەڵێنجاندایە، ماوەیەکی زۆر لێی دابڕام، بەڵام دووبارە دەستم بەنووسین کردەوە.

ئەو شاعیرە لەڕووی ناوەڕۆک و ئیحساسی شیعرەکانی دەڵێ: لەڕوی ناوەڕۆکەوە، شیعرم لە بوارەکانی نیشتیمانی و دڵداری نووسیوە، هەموو کات لە هەر تێکستێکمدا کارم لەسەر ڕاستی و ڕەوانی نووسین کردووە، شاعیر یان هەر نووسەرێک لەهەر بوارێکی نووسیندا بنووسێت، بێ مەبەست و پەیام نییە، پەیامی نوسەریش لە نوسینەکەیدا دیارە. هەموو تێکستەکانی خۆم بەو پەڕی ئیحساس و خۆشەویستییەوە نوسیووە، لەهەموو کارێک کەمووکوڕی هەیە، بەڵام من ئەو کەمووکوڕییانەشم خۆشدەوێ، لە هەمویانەوە باشتر فێردەبم.

دەیشڵێت: شاعیرمان زۆرە، بەتایبەت لەم سەردەمە کەسانێکی زۆر هەیە کە دەنووسن و من پێم سەرکەوتوون، بەڵام ئەوانەی من بەڕاستی خوێنەرییانم کە لەنووسینی ئەم کەسایەتیانەدا زیندووی و تەڕ و پاراوی نوسیەنەکان وا لە خوێنەر دەکات بچێتە قوڵایی نوسینەکانەوە، زیاتر لەوەش ڕاستی و بێ پێچ و پەنایی نووسینە و بۆ هەموو سەردەمێک دەشێت. پێم وایە خوێنەران بە گشتی و خوێنەرانێک، کە قاڵبوونەتەوە لە خوێندنەوە دەتوانن جیاوازیی و تایبەتمەندیی ئەو دەقانەی دەیخوێننەوە دەستنیشان بکەن و لەبارەیەوە بدوێن. هەروەک لەسەرەتاشەوە گوتم قورسە قسەکردن لەبارەی خۆتەوە، تەنانەت بۆ ئەو شتانەش کە بەشێک لە بوونتن، وەک نووسین، بەڵام ئەگەر پرسیارەکە بەو جۆرە لێ بکەین "چ ڕەگەزێکی چیڕۆک گرینگە"، ئەوا بۆ من زمان بەشی هەرە گرنگی گێڕانەوەیە بەگشتیی و چیڕۆک بەتایبەتییە. لەنێو زماندا تۆ دەتوانی هونەرکاری لە سەرجەم ڕەگەزەکاندا بکەیت. هەڵبەت دەبێ رووداوت هەبێت. خەریکم لەنێو دەریای زماندا سەوڵ لێ دەدەم نازانم دەگەم بە کام کەنار. بۆیە کەڵک لەو زمانە وەردەگرم کە لە ناخمدا کارەکتەرەکانمی پێ دەدوێنم، ئەوان سڵ لە من ناکەن و خۆ ناچەمێنن، چۆنیان بوێ ئاوا دەدوێن.

دەربارەی ئەوەی شیعر ئێستا لە کوێدایە، ئەو شاعیرە دەڵێت: شیعر خۆی لەناو ژیاندایە، هەموو سەردەمێک هەڵگری گۆڕانکاری گەورەیە لەناو خۆیدا شیعریش لەدەرەوەی ئەم گۆڕانکاریانە نییە، سەردەمانی پێشوو خوێندەوار کەم بوو، بەڵام خوێنەری باش و زمانزان و بیرکەرەوە بوون، مرۆڤی سەردەمانی پێشوو بە ئیمکانێکی کەمی ژیانکردنەوە بەرهەمگەلێکی زۆر و ناوازەیان بۆ ئێمە جێهێشتووە، لام وایە ئەوەی لەسەر شانی شاعیرانی پێشووی ئێمەیە بەجێیان گەیاندووە، ئەوەی دەمێنێتەوە پێویستە نەوەی ئێستە بەهەموو توانایەوە زمانەکەی بپارێزێت و پاکی بکاتەوە لە وشەی بێگانە، ئێستە شیعر وەک هەر کایەیەکیتری ناوەوەی مرۆڤ بەدەست دونیای شاشە و دەرەوە لەتەنگژە و بەرتەسک بونەوەدایە، ئەوە لەبەهێزی زمان و ئەدەبە کە هێشتا شیعر دەتوانێت بمێنێتەوە و بەردەوامی هەبێت، بۆ من دونیای شیعر لەهەرسەردەمێک دا بێت دونیایەکی پێویست و بەبایەخە بۆ ژیانکردن.

سەبارەت بەوەی بە چی فەلسەفەیەکی تایبەت بەخۆی هەیە لەنووسین، پەری دەڵێ: هەر نوسەرێک جۆرە فەلسەفەیەکی تایبەت بەخۆی هەیە کاتێک دەنوسێت، شیعر نووسین هەر وشە خستنەسەر وشە نییە، دەبێت بۆ خوێنەر تازە و پاراو بێت، تێکست دەبێت دوربێت لەوشکی و زمانێکی بازاڕی. شیعر فەلسەفەی شاعیرە، زۆربەی ماناکەی خودی شاعیرەکە دەتوانێت ڕوونی بکاتەوە، دەتوانێت یاری بە وشەکان بکات و لە هەمان کاتدا ماناکەی بپارێزێت. لە زۆربەی نوسینەکانم جۆرێک لە یاریکردن بە وشە و پرسیار دروستکردن لای خوێنەر دەخوڵقێنم.

خانمە شاعیر پەری شارێ، تەمەنی 59 ساڵە و خەڵکی سلێمانییە و لە ئێستادا لە دەرەوەی وڵات دەژی. شیعرەکانی زۆربەی دڵداری و نیشتیمانییە. خاوەنی چەندین بەرهەمی شیعرییە و ئێستاش لە نووسین بەردەوامە.