کورد و سووننە لە دژی چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمەریکان لەنێو عێراق

هێزەکانی ئەمەریکا لە نێو عێراق
هێزەکانی ئەمەریکا لە نێو عێراق

K24 - هەولێر

سووننەكان ھاوشێوەی كوردەكان، بەشدارییان لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقی تایبه‌ت به‌ پێشێلكاریه‌كانی سه‌ر خاك و سه‌روه‌ری ئەو وڵاتە له‌لایه‌ن ئه‌مەریكاوه‌ نەكرد. ئەمەش وەكو ئاماژەیەك لە دژایەتییان بۆ ھەنگاوەكانی شیعەكان لەسەر پرسی دەرکردنی هێزە بیانییەکان.

سووننەكان ترسیان ھەیە لەگەڵ كشانەوەی ھێزە بیانییەكان؛ گرووپ و میلیشیا شیعییەكان زیاتر دەست بەسەر ناوچەكانیاندا بگرن.

دوای ساڵی 2017 و لاوازبوونی داعش، شیعەکان زۆربەی ناوچە سووننەنشینیەکانیان کۆنترۆڵکردن. بۆ سووننەکان دەرکەوت حەشدی شەعبی هێندەی بۆ داگیرکردنی ناوچەکانیان هاتبوو هێندە بۆ لایەنی ئەمنی و بەهێزی دەسەڵاتی حکومەت نەھاتبوو.

لە دوای لاوازبوونی داعش بڕیاربوو حەشدی شەعبی ناوچە سوننە نیشینەکان جێبهێڵێت، بەڵام ئامادەنییە ئەو ناوچانە جێبهێلێت. سووننەکان هەستیان بەوە کرد کە ئامانجی حەشدی شەعبی مانەوەی هەمیشەییە، هەروەها بچووکردنەوەی دەسەڵاتی سووننە و گۆرانی دیموگرافیایە.

ھیچ ھێزیكی سەربازی تایبەت بە سووننەكان لە ناوچەكانیان بوونیان نییە، بەڵكوو ئەوەی ھەیە لە چوارچێوەی گرووپ و میلیشیاكانی سەر بەحەشدی شەعبی شیعەكانە.

لە پارێزگای ئەنبار، حەشدی عەشایەری دەستی بەسەر ناوچەكەدا گرتووە كە لەلایەن ئەحمەد ئەبو ریشەوە سەركردایەتی دەكرێت. لە پارێزگای نەینەوا ھێزەكانی بابلیون ھەن كە لەلایەن رەیان كلدانییەوە سەركردایەتی دەكرێت.

لە دیالە رێكخراوی بەدری ھادی عامری ھەیە كە بە تەواوی دەستی بەسەر ھەموو ناوچەكەدا گرتووە. لە رەبیعەش ھەریەكە لە گرووپە چەكدارەكانی سەیدولشوھەدا، لیواكانی ئیمام عەلی و حزبوڵڵای عێراقی كۆنترۆڵی ناوچەكەیان كردووە.

ئەم ھێزانە ھەموویان لە دەرەوەی ناوەندی شارەكان بڵاوەیان پێكراوە، چونكە لەو ناوچانە لەرووی مادییەوە سوودمەند دەبن و بەگشتیش كۆنترۆڵی ناوچەكانیان بەدەستەوەیە.

شیعەكان ھێزە چەكدارەكانیان لە ھەموو شوێنێكی عێراق بڵاوەیان پێكردووە و بۆ بڕیاری سیاسیش تەنھا بەغدا بە شەرعی دەزانن.

هێزە شیعیە دەسەڵاتدارەکانی عێراق پێیانوایە کە دەبێت دەسەڵات هەمووی لەبەغدا بێت و ئەوان بڕیاردەربن بەسەر هەموو عێراق، هەمووی دەبێت بڕیار لە بەغدا وەرگرن و دەسەڵاتی عێراق مەرکەزیتر بێت و بڕیاردانی سیاسیشی لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە بونیاد بنرێت، ئەوەش لەبەرژوەندی شیعەیە چونکە زۆرینەن.