سیروان رۆژبەیانی: هەموو هەوڵێک دەدەین ئەو پێکەوەژیانەی لە نەینەوا هەیە بیپارێزین

سیروان رۆژبەیانی، جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا
سیروان رۆژبەیانی، جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا

K24 – هەولێر:

جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا، رایدەگەیەنێت، پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە جەخت لەو پێکەوەژیانە دەکاتەوە کە لە نەینەوا هەیە. هاوکات لەبارەی شنگالیش گوتی: دەبێت رێککەوتنامەی شنگال جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی دۆخی ناوچەکە ئاسایی بێتەوە و خەڵکەکەی بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

سیروان رۆژبەیانی، جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەر وەکو رابردوو لە خزمەت خەڵکی خۆمان دەبین لە نەینەوا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، هەروەها نەینەوا یەکێکە لەو پارێزگایانەی لە شەڕی داعشدا زۆرترین زیانی بەرکەوتبوو و بۆیە دەبێت شەو و رۆژ کاربکەین بۆ ئەوەی ئەو پارێزگایە بکەوێتەوە دۆخی جارانی خۆی.

جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا، دەڵێت: پەیامی ئێمە بۆ نەینەوا ئاشتی، تەبایی و پێکەوەژیانە، هەروەها ئەو پێکەوەژیانەی ئێستا لە نەینەوا هەیە دەپارێزین، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستانیش هەمیشە جەخت لەو پێکەوەژیانە دەکاتەوە.

سیروان رۆژبەیانی، ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی فیدراڵی لە بودجەدا بە شێوەیەک نەینەوای هەژمار کردووە کە لە رابردوو هیچی بەسەر نەهاتبێت، بۆیە پێویستە بودجەیەکی زیاتر بۆ نەینەوا تەرخان بکرێت، هەروەها دەبێت حکومەتی گرنگی زیاتر بە نەینەوا بدات.

جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا، لەبارەی دۆخی ئەمنی نەینەوا گوتی: رێگە بە هیچ کەس و لاینێک نادەین دۆخی ئەمنی نەینەوا تێکبدات، سەبارەت بە شنگالیش هەمیشە جەخت لە جێبەجێکردنی رێکەوتننامەی شنگال دەکەینەوە بۆ ئەوەی بارودۆخی ناوچەکە ئاسایی ببێتەوە و خەڵکەکەی بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

سیروان رۆژبەیانی، لەبارەی پلانی داهاتووشیان، رایگەیاند، هەوڵدەدەین زۆرترین خزمەتگوزاری بگەیننە پارێزگای نەینەوا و خەڵکەکەی.

رۆژی (10ـی شوباتی 2024) ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای نەینەوا بۆ سێیەمجار لە دوای هەڵبژاردنی کۆبووەوە، دواجار توانرا هەردوو جێگرەکەی پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرێن و سیروان رۆژبەیانی لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرینەی دەنگ بە جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا.