ئینفۆگرافیک..گرنگترین قسەکەرەکانی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان 2024

K24 - هەولێر:

سبەی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی بە بەشداری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، لوتکەکە ساڵانە لە شاری دوبەی لە ئیمارات بەڕێوەدەچێت. ئەمساڵیش بۆ جاری 11یەم  و لە 12 تاوەکو 14ی شوبات، لەژێر ناونیشانی بنیاتنانی حکومەتەکانی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان 2024، یازدەیەمین لوتکەیە کە ساڵانە لە میرنشینی دوبەی لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی سێ ساڵە لەسەریەک، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەشداری تێدا دەکات.

گرنگترین قسەکەرەکانی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان 2024 بریتین لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، جاسم محەممەد ئەلبدێوی، ئەمینداریی گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، تێدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، کریستینا جۆرجیڤا، بەڕێوەبەری سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، رافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، محەممەد گرگاوی، سەرۆکی دامەزراوەی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان، ئەحمەد ئەبو غەیت، ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی، ولیام روتو، سەرۆکی کۆماری کینیا، محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا.

لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان کە ساڵانە لە دوبەی بەڕێوەدەچێت، ئەمساڵ بە دروشمی ئایندەبینی حکومەتەکان و بە بەشداری زیاتر لە 125 سەرکردە و سەرۆکی حکومەت و دامەزراوەکان بۆ ماوەی سێ رۆژ لە 12 تاوەکو 14ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان بەمیوانداری زیاتر لە 25 سەرۆکی دەوڵەت و حکومەتەکان و زیاتر لە 85 رێکخراوی نێودەوڵەتی، هەرێمی، دامەزراوەی جیهانی و 120 شاندی حکومی و سەرکردە و بیرمەندانی جیهانی بەڕێوەدەچێت، کە ئامانج لێی خستنەڕووی دیدگای فراوانە بۆ ئاراستە سەرەکییەکانی داهاتووی حکومەتەکانی جیهان.

هەروەها پلانی لوتکەکە بەگشتی بریتیە لە لەخۆگرتنی  110 کۆبوونەوەی سەرەکی دیالۆگ، کە 200 کەسایەتی نێودەوڵەتی تێیدا قسە دەکەن، جگە لە بەستنی 23 کۆبوونەوەی وەزاری و دانیشتنی جێبەجێکردن، کە زیاتر لە 300 وەزیری حکومەتە جیاوازەکان بەشداری تێدا دەکەن.