شرۆڤەکارێک: حکومەتی عێراق لە ژێر کاریگەری ئێراندایە

K24 - هەولێر

شرۆڤەکارێکی سیاسی رایگەیاند، حکومەتی عێراق لە ژێر کاریگەری ئێراندایە، هەر لەبەر ئەوەیە فشارێکی زۆر لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراق  لەلایەن ئێران و گروپی میلیشیاکان هەیە کە هێزی ئەمەریکا لە عێراق دەربکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی شوباتی 2024، د. نەوزاد هیتوتی، شرۆڤەکاری سیاسی و مامۆستای زانکۆ، لە میانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، حکومەتی عێراق لە ژێر کاریگەری ئێراندایە، لەبەر ئەوە فشارێکی زۆر لەسەر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقدا هەیە. لەلایەن ئێران و لەلایەن گروپی میلیشیاکانەوە کە هێزی ئەمەریکا لە عێراق دەربکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەتا ئێستا هێچ بەرنامەیەک نییە، و هەتا ئێستاش حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی داوای لە حکومەتی ئەمەریکا نەکردووە کە هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە.

بەگوتەی ئەو شرۆڤەکارە: "گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق کە دەستیپێکرد، تەنیا گفتوگۆی کاتی بوون بۆ دیاری کردنی خشتەیەکی نێوان هەردوولایە، زیاتر هەڵسەنگاندنێکە بۆ رەوشی سیاسی و ئابووری و ئاسیایشی عێراق. بەتایبەتیش کاتێک وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پێنتاگۆن راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باسی سێ خاڵی سەرەکی کرد، لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا. یەکێک لەو خاڵانە ئەوەیە؛ ئایا ئەگەر ئەمەریکا هێزەکانی پاشە کشە پێبکات، عێراق ئەو هێز و توانایەی هەیە کە رووبەرووی تیرۆر و داعش ببێتەوە؟ دەبێت هەڵسەنگاندنی بۆ بکات".

نەوزاد هیتوتی گوتیشی، خاڵی دووەم؛ ئایا عێراق دەتوانێت سەروەری و سیادەی عێراق بپارێزێت؟ هەروەک دەبینین؛ هەڕەشەی ئێران، تیرۆرستان، تورکیا و خودی میلیشیاکانیش بۆ سەر عێراق هەیە. کە مووشەک و درۆن دەگرنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش کەواتە دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەو خاڵەش بکرێت.

سەبارەت بە خاڵی سێیەم ئەو شرۆڤەکارە رایگەیاند، خاڵی سێیەمیش؛ بریتییە لەوەی ئایا عێراق تا چ ئاستێک هێزی سەربازی توانای هەیە سەروەری و سیادەی عێراق بپارێزن، گفتوگۆکان لەبەر ئەم خاڵانە دەستی پێکرد. پێش 2014 کە هێزی ئەمەریکا هاتنە ناو خاکی عێراق لەسەر داوای فەرمی عێراق هاتوون، 2020 بۆ 2021، ئەرک و کاری هێزەکانی ئەمەریکا دەستنیشان کراوە لە عێراق. هێزی شەڕکەر و هێزی راوێژکاریش، واتە ئەو هێزەی لەناو عێراقە کە 2500 سەربازە هێزی راوێژکارین، ئاساییە ئەگەر بێتو عێراق و ئەمەریکا خشتەیەک دابنێن ژمارەی ئەو هێزەش کەمبکرێتەوە.