محەممەد شوکری: بەشداریی مەسرور بارزانی لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان زۆر گرنگە

د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بەشداریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان بە "زۆر گرنگ" ناودەبات. دەشڵێت، "ئەو شاندەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران هاتووە، بەشداریی چەندین تەوەر و پانێل دەکەن". 

ئەمڕۆ دووشەممە، 12-02-2024، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بەشداریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و شاندی حکومەت، لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لوتکەکە زۆر گرنگە. بۆ ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان  گرنگە خۆمان بە جیهان بناسێنین و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی برەخسێنین".

د. محەممەد شوکری گوتی، "ئەجێنداکەمان بۆ سێ رۆژە. ئەو شاندەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هاتووە، بەشداریی چەندین تەوەر و پانێل دەکەن. خۆمان وەکو دەستەی وەبەرهێنان بەشداری لە پانێلەکانی تایبەت بە وەبەر‌هێنان دەکەین و، هەوڵدەدەین دەرفەتەکانی وەبەرهێنان بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی بخەینەڕوو". گوتیشی، "زۆرینەی تەوەرەکانی لوتکەکە ئابوورین و کەمتر تەوەری سیاسی تێیدایە".

بە گوتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، "لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا و لە پەراوێژی لوتکەکەدا؛ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی چەندین کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان دەبێت". 

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان جەختیشی کردەوە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی زۆر باشی ناوە بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، چاکسازی و بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان".  

ئەمڕۆ دووشەممە، 12-02-2024، 11ـەمین لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی ئیمارات دەستپێدەکات و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کاتژمێر (13:30) بەکاتی کوردستان، لە لوتکەکەدا گوتارێکی گرنگ پێشکەش دەکات و باس لە دیدگای نوێ بۆ گەشەپێدان و ئابوورییەکانی ئاییندە دەکات.

لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان تاوەکو 14 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و بڕیارە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی لوتکەکەدا، چەندین دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسان  و بیرمەندان و خاوەنکارانی عەرەبی و هەرێمی و جیهانی هەبێت.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی تایبەتیی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی، دوێنێ گەیشتە ئیمارات.

لوتکەی ئەمجارەی حکومەتەکان لە دوبەی  لەژێرناوی (ئاییندەی داهاتووی حکومەتەکان) بەڕێوەدەچێت، تیایدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نزیکەی 25 سەرۆک، پادشا، ئەمیر و سەرۆک حکومەت بەشدارن، هەروەها نێردەی 85 رێکخراوی نێودەوڵەتی و 300 وەزیر و 120 شاندی حکومیش ئامادەی لوتکەکە دەبن.

تەوەری سەرەکی لوتکەی ئەمجارەی حکومەتەکان گفتوگۆکردنە دەربارەی داهاتووی ئابووریی جیهان، پیشەسازی، ژیری دەستکرد، سیستەمی بانکی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.