سامان سۆرانی: لوتکەی جیهانی حکومەتەکان گرنگە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون و زانیارییەکان  

لوتکەی جیهانی حکومەتەکان
لوتکەی جیهانی حکومەتەکان

K24 - هەولێر

راوێژکارێکی باڵا لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لوتکەی جیهانی حکومەتەکان دەرفەتێکە بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بتوانێت دیدگای خۆیان بۆ پەرەپێدانی گەشەسەندنی ئابووری لە هەرێمی کوردستان بخاتە روو، بۆ ئەوەی وڵاتان سوود لە هەرێمی کوردستان وەربگرن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی شوباتی 2024، د. سامان سۆرانی، راوێژکاری باڵا بۆ کاروباری سیاسی و دیپلۆماسی لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، بەشداری کردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری بۆ لوتکەی جیهانی حکومەتەکان، کە پلاتفۆڕمێکی نێودەوڵەتییە کە حکومەتەکان کۆدەکاتەوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکان بۆ ئەوەی زانیارییان دەستبکەوێت لەو بوارانەی کە بەشێویەکی گشتی گرنگی خۆی هەیە.

بەگوتەی ئەو راوێژکارەی باڵایە: "ئەمە دەرفەتێکە بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بتوانێت دیدگای خۆیان بۆ پەرەپێدانی گەشەسەندنی ئابووری لە هەرێمی کوردستان بخاتە روو. بۆ ئەوەی زیاتر تیشک بخاتە سەر ئەو خاڵانەی کە دەبنە دەرفەت بەو وڵاتانەی کە سوود لە هەرێمی کوردستان وەردەگرن لە پەیوەندی ئابوورییەکان و بازرگانییەکان، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان گرێ بدرێت بەو تۆڕە ئابوورییە بازرگانییەی کە لە جیهاندا بوونی هەیە، بە مەبەستی بە ئەرێنی کردنی حکومەتەکان و باشترکردنی جێبەجێکردن و گەڕان بەدوای دەرفەتدا.

سامان سۆرانی راشیگەیاند، لەسەر ئاستی جیهاندا بەهۆی ئەو شەڕ و نەهامەتییەی کە روویداوە نزیکەی 17 ترلیۆن دۆلار پارەی تێدا خەرج دەکرێت، دەکرێت 6% بەو پارەیە کۆمەڵێک گرفتی دیکە چارەسەر بکرێت.

سۆرانی گوتیشی: "هەبوونی سەقامگیری و ئاسایش یەکێکە لەو بنەمایانەی کە هاندەر دەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی باشت هەبێت لەگەڵ جیهانی دەرەوە، بەو شێوەی کە تۆ کرانەوەت کردووە بە بەرنامە لەگەڵ جیهانی دەرەوە نەک گرژی و ئاڵۆزی، هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو سیاسەتە حەکیمانەی کە پەیڕەوی دەکات و بەهۆی ئەوەی ئەجێندایەی سەرۆکی حکومەت کە ئەجێندایەکی تۆکمەیە و بنەمایەکی زانستی هەیە، هەوڵی ئەوە دەدات لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی دەرەوە بتوانێت ئەو ژێرخانەی کە هەرێمی کوردستان پێویستی پێیەتی بەهێزتری بکات، لەهەمانکاتدا ئەو سەرچاوانە کە هەرێمی کوردستان هەیەتی بەشداری پێبکات بۆ جیهانی دەرەوە بۆ ئەوەی ئاڵوگۆری ئابووری و بازرگانی بەهێز بێت".

ئەو راوێژکاری باڵایە ئەوەشی خستەڕوو، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەهۆی پێگەی جوگرافیاشەوە ببێتە رێڕەوێکی باش بۆ گەیاندنی وزە بە جیهانی دەرەوە و ئەوروپا بەتایبەتی لە هەمانکاتدا ئەم بەرنامەی کە لە لوتکەکەدا هەیە سێ وڵاتی گەورەی کردووە بە میوان ئەوانیش قەتەڕ، تورکیا، هیند، وڵاتی هیند لە ئایندەیەکی نزیکدا دەتوانێت ببێت بە سێیەمین هێزی ئابووری لە جیهاندا، ئەمەش وا دەکات هەرێمی کوردستان فۆکس بخاتە سەر ئەو وڵاتانەی لە رووی تەکنەلۆژیایی زانیارییەوە و لە رووی زیرەکی دەستکردەوە کە ئەو وڵاتانە پێشکەوتنی باشیان بەخۆیانەوە دیوە، وەرچەرخانی ژمارەیی لەو وڵاتانەدا زۆر سەرکەوتوو بووە، هەرێمی کوردستانیش هەنگاوی زۆر باشی ناوە لەو رووانەوە بە دیجیتاڵ کردنی حکومەت و هەژماری من و کۆمەڵێک بابەتی دیکەش.

ئێوارەی یەکشەممە 2/11/2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە دوبەی و لەلایەن خەلیفە شاهین مەرەر وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات پێشوازی لێکرا.

سەرۆکی حکومەت بە بانگهێشتی تایبەتیی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم جێگری سەرۆک دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی بەشداری لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان دەکات کە لە ڕۆژانی  12-14 /2 لە شاری دوبەی بەڕێوەدەچێت و بڕیارە گوتارێکیش بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای جیهان پێشکەش بکات.