حەسەن ئەحمەد: لوتکەی حکومەتەکان دەرفەتێکە بۆ ناساندنی هەرێمی کوردستان بە جیهان

حەسەن ئەحمەد مستەفا، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
حەسەن ئەحمەد مستەفا، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

K24 - هەولێر

شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکات، لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە ئیمارات، دەرفەتێکە بۆ ناساندنی هەرێمی کوردستان بە جیهان. دەشڵێت، "سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەنگی مانەوەی هەرێمی کوردستان دەکات".

ئەمڕۆ دووشەممە، 12-02-2024، حەسەن ئەحمەد مستەفا، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لەبارەی بەڕێوەچوونی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی و بەشداریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەشداریی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لوتکەکەدا زۆر گرنگە و ئەمە دەرفەتێکە بۆ ناساندنی هەرێمی کوردستان بە جیهان.

وەکو ئەوەی ئەو شارەزایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان باسی کرد، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا هەرێمی کوردستان بە زۆر قەیرانی ئابووری و سیاسیدا تێپەڕیوە، لەنێویشیاندا شەڕی داعش، دابەزینی نرخی نەوت، بڕینی بودجە، کۆرۆنا، هاتنی ئاوارەکان و چەندین قەیرانی دیکە، "ئەگەر هەر حکومەتێکی دیکەبا لەجیاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەیدەتوانی تاوەکو ئێستا لەسەر پێ بمێنێتەوە. ئەمەیە وایکردووە بانگهێشتی لوتکەکە بکرێت".

حەسەن ئەحمەد مستەفا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە لە شەڕی مانەوەداین. ئێستا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەنگی مانەوە دەکات. هەندێک پەرلەمانتار کە پارتیش نین، دەڵێن، عێراق دەیەوێت ئێمە پەشیمان بکەنەوە لەوەی حکومەتمان هەیە. هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی خەڵک لە دژی حکومەت هانبدەن و ناکۆکی بخەنە نێوان لایەنە سیاسییەکان".

ئەمڕۆ دووشەممە، 12-02-2024، 11ـەمین لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی ئیمارات دەستپێدەکات و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ لە لوتکەکەدا گوتارێکی گرنگ پێشکەش دەکات و باس لە دیدگای نوێ بۆ گەشەپێدان و ئابوورییەکانی ئاییندە دەکات.

لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان تاوەکو 14 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و بڕیارە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی لوتکەکەدا، چەندین دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسان  و بیرمەندان و خاوەنکارانی عەرەبی و هەرێمی و جیهانی هەبێت.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی تایبەتیی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی، دوێنێ گەیشتە ئیمارات.

لوتکەی ئەمجارەی حکومەتەکان لە دوبەی  لەژێرناوی (ئاییندەی داهاتووی حکومەتەکان) بەڕێوەدەچێت، تیایدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نزیکەی 25 سەرۆک، پادشا، ئەمیر و سەرۆک حکومەت بەشدارن، هەروەها نێردەی 85 رێکخراوی نێودەوڵەتی و 300 وەزیر و 120 شاندی حکومیش ئامادەی لوتکەکە دەبن.

تەوەری سەرەکی لوتکەی ئەمجارەی حکومەتەکان گفتوگۆکردنە دەربارەی داهاتووی ئابووریی جیهان، پیشەسازی، ژیری دەستکرد، سیستەمی بانکی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.