پەیامی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ جیهان: کورد داوایه‌كی ره‌وای هەیە بۆ بڕیاردان لە مافی چاره‌ی خۆنووسین

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 11ـەمین لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی، پەیامێکی روونی بە سەرکردە و وڵاتانی جیهان گەیاند و دووپاتیکردەوە کە کورد داوایەکی رەوای هەیە بۆ بڕیاردان لە مافی چارەی خۆنووسین.

رۆژی دووشەممە (12ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان وتارێکی گرنگی پێشکەشکرد و هاوشانی سەرکردە جیهانییەکان و بڕیاربەدەستانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تیشکی خستەسەر کێشە و ئاڵنگارییە سیاسیی، ئابووریی، ئەمنی و ژینگەییەکانی ناوچەکە و جیهان.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشکەشکردنی وتارەکەی لە لوتکەیەکی جیهانی و لەسەر سەکۆیەک لەبەردەم سەرکردە و بڕیاربەدەستانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان کە زوومی کامێرای راگەیاندنە جیهانییەکانیش بە گرنگییەوە رووماڵی ئەو رووداوە گرنگە دەکەن کە وڵاتی ئیمارات لەخۆی گرتووە، باسی ماف و داوای رەوای گەلی کورد و مەترسی و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پاراستنی ئەو دەستکەوت و پێشکەوتنە ئابوورییانەی لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو هەرێمی کوردستان بەدەستیهێناوە کرد.

لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەبارەی پرسی فەڵەستین دووپاتکردەوە و پشتگوێخستنی مافەکانیانی لە رابردوو، بەستەوە بە چیرۆکی کورد کە چۆن پرسەکانیان پشتگوێ خراوە و ئێستا ئاڵۆزتر بووە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: "كێشه‌ و بنه‌ما ریشه‌ییه‌كانی كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستین، ماوه‌ی هه‌شتا ساڵه‌ جێبه‌جێ نه‌كراون، ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بكرابان، ئه‌و تراژیدییه‌ی ئێستامان نه‌ده‌بینی، له‌بری ئه‌مه‌ پرسه‌كه‌ پشتگوێ خراوه‌ و ئاڵۆزتر بووه‌ و له‌كاتێكدا خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان ئه‌م بۆشاییانه‌یان بۆ وه‌ك ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌جێندای خۆیان به‌كارهێناوه‌".

هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد: "ده‌كرێت هه‌مان پێناسه‌ش بۆ گه‌لی كورد هه‌بێت، ئێمه‌ش داوایه‌كی ره‌وامان هه‌یه‌، بۆ بڕیاردان بۆ مافی چاره‌ی خۆنووسین، دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانیشمان دانیان به‌وه‌ داناوه‌، هه‌روه‌ها داوامان لێده‌كرێت ئه‌و نادادپه‌روه‌رییه‌ قبوڵ بكه‌ین، له‌كاتێكدا نادادپه‌روه‌ری بووه‌ته‌ خۆراكێك بۆ نایه‌كسانی، هه‌ژاری و گه‌نده‌ڵی و ناسه‌قامگیری سیاسی".

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە: "پێویسته‌ رێگه‌ بدرێت به‌ گوێره‌ی مه‌رجه‌ تایبه‌ته‌كان نه‌خشه‌ی ئایینده‌ی خۆمان بكێشین، نابێت هیچ كه‌سێك له‌ رێزگرتن له‌مافی نه‌ته‌وه‌یی بترسێت، یاخود وه‌ك حاڵه‌تێك ئێمه‌ له ‌مافی گه‌لان بترسین، رێزگرتن لەو مافانە سەقامگیری بەهێز دەکات و بەرەوپێشچوون بەدیدێنێت".

رۆژی یەکشەممە (11ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: خۆشحاڵم بە بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان 2024.

پێشتریش نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی ئەمڕۆ یەکشەممە (11ی شوباتی 2024) لەسەر بانگهێشتی تایبەتیی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی، بەرەو ئیمارات بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان کە لە رۆژانی  12 تاوەکو 14 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان کە ساڵانە لە دوبەی بەڕێوەدەچێت، ئەمساڵ بە دروشمی ئایندەبینی حکومەتەکان و بە بەشداری زیاتر لە 125 سەرکردە و سەرۆکی حکومەت و دامەزراوەکان بۆ ماوەی سێ رۆژ لە 12 تاوەکو 14ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان بەمیوانداری زیاتر لە 25 سەرۆکی دەوڵەت و حکومەتەکان و زیاتر لە 85 رێکخراوی نێودەوڵەتی، هەرێمی، دامەزراوەی جیهانی و 120 شاندی حکومی و سەرکردە و بیرمەندانی جیهانی بەڕێوەدەچێت، کە ئامانج لێی خستنەڕووی دیدگای فراوانە بۆ ئاراستە سەرەکییەکانی داهاتووی حکومەتەکانی جیهان.

هەروەها پلانی لوتکەکە بەگشتی بریتیە لە لەخۆگرتنی  110 کۆبوونەوەی سەرەکی دیالۆگ، کە 200 کەسایەتی نێودەوڵەتی تێیدا قسە دەکەن، جگە لە بەستنی 23 کۆبوونەوەی وەزاری و دانیشتنی جێبەجێکردن، کە زیاتر لە 300 وەزیری حکومەتە جیاوازەکان بەشداری تێدا دەکەن.