هەولێر دیسان نەیتوانی ریكۆردە ڕەشەكەی رابگرێت

گرتەیەك لە یاریی هەولێر و نەورۆز لە خولی ئەستێرەكانی عێراق. یاریگەی فرەنسۆ هەریری 12 شوباتی 2024
گرتەیەك لە یاریی هەولێر و نەورۆز لە خولی ئەستێرەكانی عێراق. یاریگەی فرەنسۆ هەریری 12 شوباتی 2024

یانەی هەولێر لە مێژووی خۆیدا بۆ شەشەمین یاریی لە نێو یاریگەی خۆی نەیتوانی گرێكوێرەی یانەی نەورۆز بكاتەوە و سەركەوتن بەرامبەر سوورپۆشەكانی سلێمانی تۆمار بكات، یارییەكەیان بە یەكسانبوون بە گۆڵێك بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات. وەلی كەریم راهێنەری یانەی نەورۆز دەڵێت: ئەنجامەكە لە بەرژەوەندی هیچ لایەكمان نەبوو.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 12 شوباتی 2024، لە گەڕی سێزدەیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق لە نێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری، هەولێر میوانداریی نەورۆزی كرد.
لە خولەکی 30ـی نیوەی یەكەم، شێركۆ كەریم لە باڵی چەپ تۆپێكی بردە ژوورەوەی ناوچەی سزای یانەی نەورۆز و یاریی بە بەرگریكارەكان كرد و ئاسیستێكی بۆ ئەحمەد مەكەنزی كرد و هەولێر بە گۆڵێك پێشكەوت.
لە خولەكی 55ـی نیوەی دووەم، كڵاودیۆ ئۆلیڤێرا ماڕادۆنا لە یەكەمین یاریی دوای گەڕانەوەی بۆ یانەی نەورۆز گۆڵی بەرامبەربوونی تۆمار كرد و یارییەكە بەو تاكە گۆڵە بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات.
ئەم یارییە شەشەمین یاریی نێوان هەولێر و نەورۆز بوو لە نێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری، هەولێر نەیتوانیوە هیچ یاریییەك لە نوێنەرەكەی سلێمانی لەبەردەم هاندەرانی خۆی بباتەوە.
هەولێر لە كۆی 13 یاری، چوارەم یەكسانبوونی تۆمار كرد و بە كۆكردنەوەی 13 خاڵ لە خانەی پازدەیەم مایەوە، لە بەرامبەردا یانەی نەورۆز بە 20 خاڵ خانەی پێنجەمی خولی ئەستێرەكانی عێراقی گرتووە.

.

 

راهێنەری یانەی هەولێر بەرگری لە یانەكانی هەرێمی كوردستان دەكات
حەیدەر عەبدولئەمیر راهێنەرە عەرەبەكەی یانەی هەولێر لە یەكەمین یاریدا وەكو راهێنەری قەڵاومنارە خاڵێكی بۆ هەولێر بەدەستهێنا، لە دوای یارییەكەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جەختی لەوە كردەوە كە لە هەموو یاریزانەكانی رازییە، دەشڵێت: هەندێك ناجێگیری لە ئاستی یاریزانە پیشەگەرەكان هەیە، بەڵام بەگشتی هەموو یاریزانەكانم خاوەنی تایبەتمەندی باشن.
حەیدەر عەبدولئەمیر گوتیشی: بەپێی ئەو دۆخەی لە یانەی هەولێر هەیە لە یاریزانەكانم رازیم، دەمانەوێت تیپەكە باشتر بكەین و بچینە نێو كەشوهەوای ركابەرییەكان، كارگێری یانەی هەولێریش هەموو بەڵێنێكی داوە بۆ ئەوەی كێشە داراییەكانی تیپەكە چارەسەر بكات.
راهێنەری یانەی هەولێر لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دەشڵێت: سەرۆكوەزیرانی عێراق بەڵێنی 4 ملیۆن دیناریان بە هەموو یانەكانی عێراق داوە، جگە لە یانەكانی هەرێمی كوردستان نەبێت، ئەمەش كاریگەری خراپی لەسەر تیپەكەمان دەبێت.

.

 

ئەحمەد مەكەنزی: كێشەكانمان چارەسەر نەكراوە
ئەحمەد مەكەنزی یەكێك بوو لەو یاریزانانەی پێش یارییەكە پێداگیری لە وەرگرتنی شایستە داراییەكانی دەكرد و هەڕەشەی بەشدارینەكردنی لە یارییەكە دەكرد، بەڵام لە بڕیارەكەی پاشگەز بووەوە و بەرامبەر نەورۆز بە سەرەكی یاریی كرد و گۆڵێكیشی تۆمار كرد.
لە دوای یارییەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا ئەحمەد مەكەنزی جەختی لەوە كردەوە كە هێشتا كێشە داراییەكان چارەسەر نەكراوە، دەشڵێت: تا ئەم ساتەش كێشەكانمان چارەسەر نەكراوە، بەڵام لەبەرخاتری ناوی گەورەی یانەكە و ستافی راهێنەران رێگەمان نەداوە كاریگەری لەسەر ئاستمان دروست بكات.

.

 

وەلی كەریم رەخنەی توند لە چیمەنی یاریگەی هەولێر دەگرێت
وەلی كەریم راهێنەری یانەی نەورۆز لە دوای یارییەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند چیمەنی یاریگەی یانەی هەولێر بە کەڵکی یارییكردن نایەت، دەشڵێت: چیمەنی یاریگەكانی ئەمانەی بەغدا و دیوانیە لە هی هەولێر باشترە، دەشڵێت: بەهۆی خراپی چیمەنی یاریگەی فرەنسۆ هەریری پێش ئەوەی بگەینە یاریگە پێكهاتەكەم گۆڕی و ناچاربووم بە پلانی 4 ـ 4 ـ 2 یاریی بكەم.
وەلی كەریم گوتیشی: پێگەی یانە كوردستانییەكان لە هەر پلەیەكی ریزبەندی بێت كاریگەری نابێت، چونكە یارییەكان دێربی كوردستانن، لەژێر فشاری هاندەران بەڕێوەدەچێت و بەردەوام لە ئاستێكی بەرز یانەكان دەردەكەون.
راهێنەری یانەی نەورۆز هێمای بۆ ئەوەش كرد ئەو زیاتر لە یانە لاوازەكان دەترسێت نەك یانە بەهێزەكان، گوتیشی: ئامانجی ئێمە لەم وەرزە زیاتر جامی عێراقە و متمانەم بە تیپەكەم هەیە تا پلەكانی كۆتایی بچێت.
وەلی كەریم لە بەرسڤێكی رۆژنامەنووساندا رایگەیاند لە سەرەتای ئەم وەرزە كێشەیان لە دوو پێگە هەبووە، دەشڵێت: بە گەڕانەوەی كڵاودیۆ ماڕادۆنا كێشەیەكمان چارەسەر كرد، كێشەكەی دیكەش بە یاریزانی كورد چارەسەر دەكەین، بەڵێنیش دەدەین تیپەكەمان لە قۆناغی دووەم زۆر باشتر بكەین.

.

 

.
.
.