محه‌ممه‌د ئیحسان: مه‌سرور بارزانی له‌ لوتکەی حکومەتەکان بوێرانه‌ ئاماژه‌ی به‌ مافی چاره‌ی خۆنووسین كرد

K24 – هەولێر:

له‌باره‌ی لێدوانێكی محه‌ممه‌د شه‌رهان به‌ڕێوه‌به‌ری دامەزراوەی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان، كه‌ رایگه‌یاندبوو، شانازی بە بەشداریکردنی مەسرور بارزانی لە لوتکەکە دەکەین، محه‌ممه‌د ئیحسان شرۆڤه‌كاریی سیاسی ده‌ڵێت: ئه‌مه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌. گوتیشی: "سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ وتاره‌كه‌یی لوتكه‌ی جیهانیی حكومه‌ته‌كان، بوێرانه‌ ئاماژه‌ی به‌ مافی چاره‌ی خۆنووسین كرد".

دكتۆر محه‌ممه‌د ئیحسان شرۆڤه‌كاری سیاسی به‌ ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـی راگه‌یاند، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان زۆر پێویستیمان به‌ لوتكه‌ و كۆبوونه‌وه‌ی هاوشێوه‌ی لوتكه‌ی جیهانیی حكومه‌ته‌كانه‌ له‌ دوبه‌ی‌، تاكو ئاڵوگۆڕی ته‌واو بكرێت و په‌یامی هه‌رێمی كوردستان به‌ روونی بگاته‌ جیهان.

ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌ ده‌شڵێت، وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ لوتكه‌ی جیهانیی حكومه‌ته‌كان له‌ دوبه‌ی‌ گرنگ بوو و پێویست بوو له‌ پێگه‌یه‌كی وا به‌ خه‌ڵك بڵێین بۆچوونمان ده‌رباره‌ی جیهان و  پێویستی و مافه‌كانمان به‌مشێوه‌یه‌یه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ وتاره‌كه‌یدا بوێرانه‌ ئاماژه‌ی به‌ مافی چاره‌ی خۆنووسین كرد، كه‌ په‌یام بوو بۆ عێراق، وڵاته‌ ناوچه‌ییه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی.

گوتیشی، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رپرسیاره‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

ده‌شڵێت، له‌ دوای كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستین له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كێشه‌ی كورد دێت، كێشه‌ی كوردیش به‌ مكیاژ و پیلانڕێژی و جینۆسایدكردن چاره‌سه‌ر نابێت، ته‌نیا به‌ ده‌وڵه‌ت، یاخوود دیموكراسییه‌تی حه‌قیقی.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان ئه‌مڕۆ وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەکرد: "لە سەرانسەری ناوچەکەمان خواست و ئیرادەیەک بۆ پێشکەوتن هەیە، درکیش بەوە کراوە، گۆڕانکاری نەک تەنیا پێویستە، بەڵکو زەرورەتێکی حەتمیشە".

هه‌روه‌ها مه‌سرور بارزانی گوتیشی: "ئێمە داوایەکی رەوامان هەیە بۆ بڕیاردان لە مافی چارەی خۆنووسین".

رۆژی یەکشەممە (11ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: خۆشحاڵم بە بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان 2024.

پێشتریش نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی ئەمڕۆ یەکشەممە (11ی شوباتی 2024) لەسەر بانگهێشتی تایبەتیی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی، بەرەو ئیمارات بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان کە لە رۆژانی  12 تاوەکو 14 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان کە ساڵانە لە دوبەی بەڕێوەدەچێت، ئەمساڵ بە دروشمی ئایندەبینی حکومەتەکان و بە بەشداری زیاتر لە 125 سەرکردە و سەرۆکی حکومەت و دامەزراوەکان بۆ ماوەی سێ رۆژ لە 12 تاوەکو 14ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان بەمیوانداری زیاتر لە 25 سەرۆکی دەوڵەت و حکومەتەکان و زیاتر لە 85 رێکخراوی نێودەوڵەتی، هەرێمی، دامەزراوەی جیهانی و 120 شاندی حکومی و سەرکردە و بیرمەندانی جیهانی بەڕێوەدەچێت، کە ئامانج لێی خستنەڕووی دیدگای فراوانە بۆ ئاراستە سەرەکییەکانی داهاتووی حکومەتەکانی جیهان.

هەروەها پلانی لوتکەکە بەگشتی بریتیە لە لەخۆگرتنی  110 کۆبوونەوەی سەرەکی دیالۆگ، کە 200 کەسایەتی نێودەوڵەتی تێیدا قسە دەکەن، جگە لە بەستنی 23 کۆبوونەوەی وەزاری و دانیشتنی جێبەجێکردن، کە زیاتر لە 300 وەزیری حکومەتە جیاوازەکان بەشداری تێدا دەکەن.