پەنابەرێکی کورد دوای 19 ساڵ لە فینلاندا دیپۆرتکرایەوە؛ "ئەوروپا ئەو بەهەشتە نییە کە وێنا دەکرێت"

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

کوردستان 24 چیرۆکى گەنجێکى پەنابەرى خەڵکى قەزاى دەربەندیخان دەگێڕێتەوە کە ماوەى 19 ساڵ لە وڵاتى فینلەندا ژیا؛ بەڵام مافى پەنابەرێتیان پێنەداوە و ساڵى ڕابردوو بە زۆر و بێ خواستى خۆى گەڕاندوویانەتەوە .

مەریوان مەحموود، بە ئومێدى ژیانێکى باشتر، ماوەى 19 ساڵ بوو لە فینلەندا دەژیا. ئەو ماوەى هەشت ساڵ مۆڵەتی نشینگەی ئەو وڵاتەى هەبووە، بەڵام مافى پەنابەرێتیان پێنەداوە. مەریوان چەند جارێک داواى مافى پەنابەرێتی کردووە، بەڵام داواکەى رەتکراوەتەوە و، ساڵى ڕابردوو بۆ هەرێمى کوردستان گەڕێندراوەتەوە.

مەریوان باس لە چۆنیەتی گەڕاندنەوەی بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و باس لەوە دەکات، "بردیانم بۆ بنکەی پۆلیس. لەوێ گوتیان ئیمزا بکە با ئەشکەنجەت نەدەین و بە زۆر پەنجەمۆر و ئیمزات پێنەکەین بتنێرینەوە، خۆت بیکە باشترە. من هەردوو دەستم نوقاندبوو بۆ ئەوەی پەنجەم نەکەنەوە. یەکێکیان بەزۆر دەستی کردمەوە پەنچەی چەپی کردمەوە و کردیە مرەکەبەکە خستیانە سەر وەرەقەکە".

مەریوان دەڵێت، لە فینلەندا لە باڵکۆنى شوقەکەیەوە كەوتووەتەخوارەوە و دۆخى تەندروستى تێکچووە. سێ ساڵ داواى چارەسەرى پێویستى کردووە، بەڵام بۆى دابین نەکراوە و بەو هۆیەوە ماوەى پێنج مانگ لە نەخۆشخانە ماوەتەوە، بەڵام دۆخى تەندروستییان لەبەرچاو نەگرتووە .

ئەو هاووڵاتییە کوردە ئاماژە بەوە دەدات، "باری تەندروستیم باش نییە. دوای کەوتنم دوای بردیانم بۆ نەخۆشخانە و نەشتەرگەرییان بۆ کردم. دکتۆرەکان گوتیان نەشتەرگەرییەکە لە سەدا 60 سەرکەوتنی نەهێناوە. ئینجا پلاتینێکی زۆریان بۆ داناوم وەکو ئەوە لەناو حەوز و کەمەرمدا لە فەقەراتمدا. ئەو دکتۆرە گوتی دوای چوار ساڵ سەیر دەکەین ئەگەر باشتر بووی دەتوانین پلاتینەکان دەربهێنین".

چیرۆکی مەریوان یەکێکە لەو سەدان چیرۆکەی کە پەنابەران لە وڵاتانی ئەوروپا بەسەریان هاتووە و ڕووبەڕی چەندین ناخۆشی و دۆخی نەخوازراو بوونەتەوە. ئەو ئێستا گەڕاوەتەوە زێدی خۆی و داواش لە هاووڵاتیان دەکات هیچ کات ئەوروپا بەو بەهەشتە نەبینن کە وێنا دەکرێت و دەتوانن لە وڵاتی خۆیان خزمەت بکەن و ژیانی ئاسایی خۆیان بەسەر ببەن.