ئیحسان شەممەری: وتارەکەی مەسرور بارزانی لە لوتکەی حکومەتەکان پەیامێک بوو بۆ لایەنە سیاسییەکانی عێراق

ئیحسان شەممەری، سەرۆکی سەنتەری هزری سیاسی لە عێراق
ئیحسان شەممەری، سەرۆکی سەنتەری هزری سیاسی لە عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆکی سەنتەری هزری سیاسی لە عێراق رایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان پتەوتر بکات. دەڵێت: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە گرنگییەوە بەشداری لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان دەکات، لەبارەی کورد و فەڵەستین گوتی: بۆ سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویست دۆسیەی کورد و فەڵەستین چارەسەر بکرێن.

ئیحسان شەممەری، سەرۆکی سەنتەری هزری سیاسی لە عێراق، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24  رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە گرنگی کار دەکات بۆ ئەوەی سوود لە لوتکە و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان وەربگرێت لێیان، بە ئامانجی گەیاندنی پەیامی هەرێمی کوردستان کە کارلێکی هەیە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

سەرۆکی سەنتەری هزری سیاسی لە عێراق، دەڵێت: سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەست بە نائومێدییەکی زۆر دەکات چونکە لایەنە سیاسییەکانی بەغدا رێککەوتنەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەکو خۆی جێبەجێ نەکردووە، بۆیە وتارەکە بەو ئاراستەیە بوو، کە وەک پەرچەکردارێک بوو بۆ ئەو لایەنانەی کە رێککەوتنەکان جێبەجێ ناکەن.

ئیحسان شەممەری، ئاماژەی بەوەدا، لە وتارەکەیدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە کێشەیەک لە جێبەجێکردنی دەستووری عێراقدا هەیە، چونکە ئەو دەستوورە مافی زیاتری بە هەرێمی کوردستان داوە، بەڵام ئەو مافانە تا ئێستا دابیننەکراون لە ئەنجامی نەبوونی ئیرادەیەکی بەهێزەوە.

سەرۆکی سەنتەری هزری سیاسی لە عێراق، پێی وایە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پۆڵاین ئاراستەی بەغدا دەکات، چونکە دەڵێت: "مانەوەی دۆخەکە بەم شێوەیە رەنگە هەرێمی کوردستان بژاردەی دیکەی هەبێت و بەکاری بهێنێت، ئەگەر هاتوو وەڵامدانەوە بۆ ماف و داواکارییەکانی هەرێم نەبێت".

ئیحسان شەممەری، لە بارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ململانێیەکی زۆر فراواندایە، چونکە هەندێک دۆسیەی کۆن چارەسەر نەکراون، یەک لەوانە کێشەی فەڵەستین کە درێژەی کێشاوە هەمیشە دەگەڕێتەوە و رووداوەکان دووبارە دەبنەوە، لەهەمان کاتدا لەبارەی داواکارییەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەبارەت بە مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی کوردستان، ئەوەی وایکردووە جەنابی داوای ئەوە بکات، دانانی سنوورێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوردە.

گوتیشی: بۆ سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویست دۆسیەی کورد و فەڵەستین چارەسەر بکرێن.

سەرۆکی سەنتەری هزری سیاسی لە عێراق، لەبارەی بەئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، بۆیە ئەو هەرێمە دەکرێتە ئامانج چونکە رەتی کردووەتە ببێتە بەشێک لە ململانێکان و فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکەدا، لە هەمانکاتدا هەرێمی کوردستان رەتی دەکاتەوە بڕیارێکی تاکلایەنانە بدرێت بۆ ئەوەی ئاڵۆزی زیاتر لە عێراق بنرێتەوە. گوتیشی: ئەم بە ئەمانجگرتنە هەوڵێکە بۆ شکاندنی ئیرادەی هەرێمی کوردستان لەسەر هەڵوێستەکانی.

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، بۆ سەقامگیری عێراق و ناوچەکە دەبێت داواکانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێن، هەروەها یەكێک لە کۆڵەگەکانی ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان سەقامگیری بێت.

لە درێژەی قسەکانیشیدا ئەوەی خستەڕوو، ئەو هێرشە مووشەکییەی سەر ئەو هەرێمە رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر کۆی سەقامگیری عێراق، تەنانەت پێکهاتەکانیش هەمان رایان هەیە.

لەبارەی داهاتووی عێراق دەڵێت: داهاتووی ئەم وڵاتە هەڕەشەی لەسەرە، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت هەڵدەوەشێتەوە.

لوتکەی جیهانیی حکومەکەتان لە دوبەی رۆژی دووشەممە، (12ـی شوباتی2024)، بە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و 25 سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان و نێردەی 85 رێکخراوی نێودەوڵەتی و 300 وەزیر و 120 شاندی حکومی دەستیپێکرد و، تا سبەی چوارشەممە، (14ـی شوباتی2024) بەردەوام دەبێت.

لوتکەی ئەمجارەی حکومەتەکان لە دوبەی  لەژێرناوی (ئاییندەی داهاتووی حکومەتەکان) بەڕێوەدەچێت. تەوەری سەرەکی لوتکەکە گفتوگۆکردنە دەربارەی داهاتووی ئابووریی جیهان، پیشەسازی، ژیری دەستکرد، سیستەمی بانکی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان گوتارێکی گرنگی پێشکەشکرد و هاوشانی سەرکردە جیهانییەکان و بڕیاربەدەستانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تیشکی خستەسەر کێشە و ئاڵنگارییە سیاسیی، ئابووریی، ئەمنی و ژینگەییەکانی ناوچەکە و جیهان.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشکەشکردنی وتارەکەی لە لوتکەیەکی جیهانی و لەسەر سەکۆیەک لەبەردەم سەرکردە و بڕیاربەدەستانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان کە زوومی کامێرای راگەیاندنە جیهانییەکانیش بە گرنگییەوە رووماڵی ئەو رووداوە گرنگە دەکەن کە وڵاتی ئیمارات لەخۆی گرتووە، باسی ماف و داوای رەوای گەلی کورد و مەترسی و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پاراستنی ئەو دەستکەوت و پێشکەوتنە ئابوورییانەی لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو هەرێمی کوردستان بەدەستیهێناوە کرد.