لە ترسی هێرشی زەمینی ئیسرائیل؛ ئاوارەکان رەفەح بەجێدەهێڵن

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

سەرەڕای خراپی بارودۆخی ئاوارەکان لە شاری رەفەح و هۆشداری ئەمەریکا و بەریتانیا و وڵاتانی جیهان؛ ئیسرائیل بەنیازە هێرشی زەمینی بۆ سەر ئەو شارە دەستپێبکات، لە کاتێکدا زیاتر لە ملیۆنێک و 400 هەزار کەس لەو شارە گیریان خواردووە.

ئاوارەکانی کەرتی غەززە لە رەفەح، لە ترسی هێرشی سوپای ئیسرائیل جارێکی دیکە لە دۆخێکی سەخت و نالەباری مرۆیی خۆیان کۆدەکەنەوە بۆ ئەوەی روو لە شوێنێکی دیکە بکەن.

ئەحلام ئەبو عاسی، ئاوارەیەکی غەززەیە و دەڵێت: "لە شاری غەززە ئاوارەبووین و روومان لە ناوچەی زەوایدە کرد. لەوێ دیسان ئاوارەبووین و هاتینە رەفەح، ئێستا دەیانەوێت بڕۆینە دیری بەلەح. پارەمان نییە و هیچ شوێنێکی سەلامەت نەماوە و نازانین روو لە کوێ بکەین. هیچ خواردنێک نییە منداڵەکانم بیخۆن، هەندێک برنج ئامادە دەکەن و بۆ ڕۆژی دواتر هەڵیدەگرن، کوڕەکەم چۆن دەتوانێت خواردن بکڕێت."

زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە باکوور و ناوەڕاستی کەرتی غەززە روویان لە رەفەح کرد گوایە شوێنێکی سەلامەتە، بەڵام ئێستا دەنگی فڕۆکە جەنگییەکان و دەنگۆی هێرشی زەمینی ئیسرائیل زیاتر لە پێشتر ترسی لە دڵیان دروستکردووە.

محەمەد سلێمان، ئاوارەی خان یونس باس لەوە دەکات، "سێ رۆژ لەمەوبەر لێرە لە ناوچەی مەواسی لە رەفەح کە دەبوایە ناوچەیەکی سەلامەت بێت، گوێمان لە دەنگی فڕۆکەی جەنگی و تانک بوو و جیهان سەراوژێر بوو. بەدرێژایی شەو نەمانتوانی بخەوین و خۆراک بخۆین."

سەرەڕای ئەوەی ئەمەریکا و بەریتانیا و وڵاتانی دیکە داوا لە ئیسرائیل دەکەن هێرش نەکاتە سەر رەفەح تا پلانێک بۆ رزگارکردنی خەڵکی سڤیل ئامادە نەکات، بەڵام ئیسرائیل رژدە لەسەر هێرشەکەی و رێکخراوە مرۆییەکانیش دەڵێن هێرش کردنە سەر رەفەح کارەساتەکە گەورەتر دەکات.