ئەمەریکا هەڕەشە لە بانکەکانی تورکیا دەکات لەسەر مامەڵەکردنیان لەگەڵ رووسیا

K24 - هەولێر

سەرچاوەیەک لە کەرتی بانکی تورکیا رایگەیاند، ئەمەریکا هۆشداری بەزۆرێک لەبانکە ئەهلییەکانی تورکیا داوە کە دەبێت پابەند بن بەسیاسەتی سزاکانی سەر رووسیا، هەروەها ئاگاداریشی کردوونەتەوە لە دەرئەنجامەکانی پابەند نەبوون.

ئەو سەرچاوەیە کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، بە ئاژانسی نۆڤۆستی راگەیاندووە، ئەمەریکا هۆشداری داوەتە ئەم بانکە تورکیانە لەوەی وردبینی لە حەواڵەی پارەدان بکەن بۆ رووسیا، کە هۆشدارییەکان گەیشتووەتە ئاستی هەڕەشە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا ژمارەیەک بانکی ئەهلی لە تورکیا ئاگادارییەکانی ئەمەریکا وەردەگرن سەبارەت بە گواستنەوەکان لە رووسیا.

لە 1ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە، هەناردەکارانی تورکیا لە بانکەکانی تووشی کیشە بوونە و بانکەکانی تورکیا رەتیانکردووەتەوە کە حەواڵەی پارە لە رووسیاوە وەربگرن.

سەرچاوەکە راشیگەیاند، ئەم کێشەیە بەشێکی پەیوەندی بە فشارەکانی ئەمەریکاوە هەیە بۆ سەر تورکیا سەبارەت بە سزاکان، وەزارەتی بازرگانی تورکیاش هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم پرسە دەدات و گفتوگۆ لە نێوان مۆسکۆ و ئەنقەرەدا بەردەوامە لەوبارەیەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان بانکەکانی تورکیا، لە مانگی ئەیلولی 2022، بەکارهێنانی خزمەتگوزاری کارتی بانکی رووسی "میر"یان راگرتووە.