کەشناسی: بارانبارین لە هەرێمی کوردستان بۆ چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو راگەیەندرا
کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو راگەیەندرا

K24 - هەولێر

بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، لە راگەیەندراوێکدا کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، کەشی ئەمڕۆ چوارشەممە، "ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی باران لە کاتەکانی نیوەرۆ بەشێوەی نمە باران. سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات پاشان تەواوى ناوچەکانى هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە. لە کاتەکانى ئێوارەدا رێژەی دابارینەکە کەمێک زیاتر دەبێت بۆ بارانى مام ناوەند، لە درەنگانى شەودا رێژەى دابارینەکە زیاتر دەبێت و بارانی بە خوڕ دەبێت و هەندێ جار هەورە تریشقەى لەگەڵدا دەبێت بە تایبەتى لە باکوور و رۆژهەڵاتى  سنوورى پارێزگاى دهۆک و هەولێر، ئەگەرى بەرز بوونەوەى ئاستی ئاو هەیە لە هەندێ شوێندا".

لەبارەی کەشی سبەی پێنجشەممەش، 15-02-2024، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئاسمان هەورى باراناوى دەبێت لە زۆربەى کاتەکاندا. رێژەى دابارین لە هەندێ کاتدا زیاد دەبێت و لە هەندێ شوێن بۆ بارانی بە لێزمە و هەورە تریشقەشی لەگەڵدا دەبێت. لە ناوچەکانى گەرمیان بارانەکە بە خوڕ دەبێت و ئەگەرى بەرزبوونەوەى ئاستی ئاو لە هەندێ ناوچە هەیە" .

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر: 14

سلێمانی: 13

دهۆک: 13

کەرکوک: 16

هەڵەبجە: 12

زاخۆ:13

سۆران: 10

حاجی ئۆمەران: 5

گەرمیان: 16