10 رۆژە گرووپە چەکدارەکان هێرشیان نەکردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق

ژمارەیەکی سەربازی ئەمەریکی لە عێراق
ژمارەیەکی سەربازی ئەمەریکی لە عێراق

K24 - هەولێر

گرووپە چەکدارەکان لە چواری ئەم مانگەوە هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق راگرتووە و، لەناخۆیاندا سەبارەت بەراگرتن یاخود درێژەدان بەهێرشەکانیان ناکۆکن.

10 رۆژە دەنگی مووشەک و درۆنی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق خامۆشبووە. پێنتاگۆن دڵخۆشە بەم پێشهاتە و بەرەی مقاوەمەش بێدەنگە.

سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، "لە چواری ئەم مانگەوە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا راگیراوە، ئەمەش پێشهاتێکی دڵخۆشکەرە، چونکە ئەمەریکا دەیەوێت سەرنجی لەسەر تێکشکاندنی داعش بێت لە ناوچەکە نەک زیاترکردنی ئاڵۆزی زیاتر".

لەوبارەیەوە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک ئاشکرایکردووە، لە دوای کوژرانی سێ سەربازی ئەمەریکی لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوو لە ئوردن، هێرشی گرووپە چەکدارەکان دژی بەرژوەندییەکانی ئەمەریکا تاڕادەی نەمان چووە، هۆکارەکەشی هەبوونی جیاوازییە لە نێوان گرووپەکانی پێکهێنەرەی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی. بەجۆرێک حیزبوڵڵا سوورە لەسەر راگرتنی هێرشەکان، چونکە ترسیان لە تۆڵەی توندی ئەمەریکا هەیە، لەبەرامبەردا گرووپی نوجەبای ئەکرەم کەعبی دەیانەوێت درێژە بەهێرشەکانیان بدەن.

هەر سەبارەت بەم پرسە، غەسەنفەر بەتیخ، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەوەدا، سوودانی و بەشێک لە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت گووشاریان لە گرووپە چەکدارەکان کردووە هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا راگرن، لە بەرامبەردا بەغدا هەوڵدەدات بە بەکارهێنانی کەناڵی دیپلۆماسی کۆتایی بەئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق بهێنێت.

چەند سەرچاوەیەکیش گوشاری ئێران لە رووی سیاسی و حکومییەوە بۆ سەر گرووپەکانی حەشدی شەعبی بە هۆکاری کەمبوونەوەی ‌هێرشەکان دەزانن، بە تایبەتی دوای سەردانی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بۆ بەغدا.

فاکتەرێکی دیکە بۆ راگرتنی هێرشی گرووپە چەکدارەکان، وەک شرۆڤەکارانی دۆخی عێراق روونیدەکەنەوە، هەڕەشەکانی ئەمەریکایە بۆ سەر سەرکردەکانی حەشدی شەعبی، بەوەی واشنتن لە هێرشەکاندا هیچ هێڵێکی سووری نییە و لە ئەگەری زیانگەیشتن پێی بە توندی وەڵامدەداتەوە.