سکرتێری گشتی ناتۆ بۆ کوردستان24: سیاسەتی ئێران رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیر دەكات

یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکێرتێری گشتی ناتۆ
یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکێرتێری گشتی ناتۆ

K24 – برۆکسل:

سکرتێری گشتی ناتۆ گوتی: ئێران هاوکاری گرووپە میلیشیاکان و گرووپە تیرۆرستییەکان دەکات. یەنس ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوەشدا، لە رووبەڕووبوونەوەی داعش هاوکاری عێراق دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە (14ـی شوباتی 2024) یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ، لە وەڵامی بارزان حەسەن پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئێران بەردەوامە لە سیاسەتی خۆی بۆ ناسەقامگیریکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها بە دڵنیاییەوە ئێمە هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکامان لە عێراق، سووریا و ئوردن سەرکۆنە کردووە.

سکرتێری گشتی ناتۆ، دەڵێت: ئێران هاوکاری گرووپە میلیشیاکان و گرووپە تیرۆرستییەکان دەکات. جەختی لەوەشکردەوە، ناتۆ هێزی لە عێراقە و ئەرکیشیان هاوکاریکردنی عێراقە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و دڵنیاییدان لەوەی جارێکی دیکە ئەو رێکخراوە تیرۆرستییە سەرهەڵنەداتەوە.

یەنس ستۆڵتنبێرگ، گوتیشی: ئێمە لە چەندین لایەن لەگەڵ عێراق کاردەکەین، بێگومان هەر شتێکیش یارمەتیدەربێت لە بەرگریکردن لەبەرامبەر هێرشی ئاسمانی، بۆ عێراق و تەواوی ئەو هێزانەشی لەو وڵاتە جێگریکراون، گرنگە.