دادگای پاریس جارێکی دیکە سزای زیندانیکردنی بۆ سارکۆزی دەرکرد

نیکۆلاس سارکۆزی
نیکۆلاس سارکۆزی

K24 – هەولێر:

دادگای تێهەڵچوونەوەی پاریس، سزای ساڵێک زیندانیکردنی بۆ نیکۆلا سارکۆزی، سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا دەرکرد بە تۆمەتی سەرپێچیکردن لە خەرجییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی.

بڕیارە لە ماوەی 30 رۆژدا، نیکۆلاس سارکۆزی لەلایەن دادوەری جێبەجێکردنەوە بانگبکرێت سەبارەت بە دۆسیەی "پیگمالیۆن" بە تۆمەتی تێپەڕاندنی رێژەی رێگەپێدراو لە خەرجییەکانی هەڵمەتی هەڵبژادن لە ساڵی 2012 کە لەو هەڵبژاردنەشدا نەیتوانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

پێشتریش لە مانگی ئەیلوولی 2021، دادگای تاوانەکانی پاریس، نیکۆلاس سارکۆزی بە تۆمەتی تێپەڕاندنی بەرچاوی سنووری خەرجییە یاساییەکان و پارەدارکردنی نایاسایی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، بە زیندانیکردن بۆ ساڵێک سزادا.

لە کۆتایی ساڵی رابردووش، برۆنۆ رێڤێل، داواکاری گشتی فەرەنسا داوای سزای یەک ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراوی بۆ سارکۆزی، کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە سارکۆزی بە ئەنقەست سنووری یاسایی خەرجییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشێلکردووە.

هەرچەندە سارکۆزی پێشتر ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتە، هاوکات لە مانگی ئایاری 2022 لەسەر دۆسیەی گوێگرتن لە تەلەفۆن سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەر سەپێندرا و دواتر تانەی لە بڕیارەکەدا، هەروەها ساڵی داهاتوو دادگاییەکی دیکەی هەیە سەبارەت بە دۆسیەی وەرگرتنی پارە لە لیبیا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2007.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، سارکۆزی بۆ شاردنەوەی خەرجییەکان کە نزیکەی 43 ملیۆن یۆرۆیە کە بڕی رێگەپێدراویش بریتییە لە 22.5 ملیۆن یۆرۆ و سارکۆزی رووبەڕووی ساختەکردنی بەڵگەنامەکانیش کراوەتەوە.

لەگەڵ سارکۆزیدا، 13 کەسی دیکە سزای زیندانیکردنیان بۆ ماوەی تا دەگاتە 3.5 ساڵ بەسەردا سەپێندراوە لەگەڵ راگرتنی جێبەجێکردنی بەشێک لە سزاکانیان، هەروەها نۆ لە تۆمەتبارەکان داوای تیاهەڵچوونەوە لە سزاکانیان کردووە و سزای یەک ساڵ زیندانیکردنیان لەگەڵ راگرتنی جێبەجێکردن بەسەردا سەپێندرا، لەگەڵ دوو ساڵ زیندایکردن لە 18 مانگیان راگرتنی جێبەجێکردنی هەیە.

نیکۆلاس سارکۆزی لە  2007 تاوەکو 2012 سەرۆکی فەرەنسا بووە و بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2018 تۆمەتبارکرا بە پاڵپشتیی دارایی نایاسایی و کاری گەندەڵی.

سارکۆزی لە ساڵی 1955 لە پاریس لەدایکبووە (تەمەنی 69 ساڵە)، پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکی فەرەنسا، لە پۆستەکانی وەزیری ناوخۆ، بودجە و دارایی، پەیوەندییەکان کاریکردووە.