مارك كیمیت: ئەمەریکا هەموو کارێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان دەکات

مارك كیمیت، یاریدەدەری پێشووتری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
مارك كیمیت، یاریدەدەری پێشووتری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

یاریدەدەری پێشووتری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکات، ئەرکی ئەمەریکا لە عێراق رووبەڕووبوونەوەی داعشە. هاوکات گوتیشی: ئەمەریکا هەموو کارێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان دەکات.

مارك كیمیت، یاریدەدەری پێشووتری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، سیاسەتی ئێستای ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە کە بتوانێت هاوکاربێت لەسەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە، هەروەها دەیانەوێت گفتوگۆیەکی ئاشتیانەیان هەبێت لەگەڵ حکومەتی عێراق سەبارەت بە گۆڕینی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لەو وڵاتە.

یاریدەدەری پێشووتری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، دەڵێت: ئەرکی ئەمەریکا لە عێراق رووبەڕووبوونەوەی داعشە، تاوەکو ئێستا داعش هەڕشەیە بۆ سەر جیهان، هەروەها لەسەر داوای حکومەتی عێراق هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتەن.

مارك كیمیت، باسی لەوەشکرد، ئەگەر عێراق نەتوانێت یان پارێزگاری لە باڵیۆزخانە و دیپلۆماتکارەکانی ئەمەریکا نەکات لەو وڵاتە، ئەوا ئەمەریکا هەر کارێک پێویست بێت دەیکات بۆ ئەوەی هەڕەشەکان نەمێنێت.

یاریدەدەری پێشووتری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لەبارەی کێشەی ئیسرائیل و فەڵەستین، گوتی: "ئەمەریکا لەگەڵ چارەسەری دوو دەوڵەتە بۆ ئەوەی هەردوولایان بتوانن لە تەنیشت یەکەوە لە چوارچێوەی دوو دەوڵەتدا بە ئاشتی بژین".

رۆژی (12ـی شوباتی 2024) پات رایده‌ر، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا "پێنتاگۆن" به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، هیچ كاتێك بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانمان لە عێراق دیارینه‌كراوه‌.

روونیشیكرده‌وه‌، لیژنه‌ی باڵای سه‌ربازی بڕیار له‌سه‌ر گۆڕینی ئه‌ركی سه‌ربازی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ده‌دات. هاوکات جه‌ختیشیكرده‌وه‌، گفتوگۆکان بۆ گۆڕینی ئەرکی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق گرنگن.

پێشتریش سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" لە وەڵامی عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەدابوو، هێشتا هەڕەشەی داعش ماوە و هێزەکانی ئەمەریکا بەردەوام دەبن لە رووبەڕووبوونەوەیان.

جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن، ئه‌وه‌شی خستبووه‌ڕوو، لە کۆبوونەوەکان باسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق نەکراوە، بەڵکو هەردوولا بە هاوبەشی بەردەوام دەبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش.

سابرینا سینگ، باسی لەوەشکردبوو، لەسەر داواكاری حكومەتی عێراق لەو وڵاتەین و شانازی بەو كارانە دەكەین کە بە هاوكاری هاوبەشەكانمان و هێزە عێراقییەكان ئەنجاممانداوە، هەروەها ئەم گوروپی كاركردنە هەنگاوی داهاتووی پەیوەندییەكانمانە.