کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر؛ لە سەرووبەندی داخستنەوە بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکان

کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر؛ لە سەروبەندی داخستنەوە بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکان
کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر؛ لە سەروبەندی داخستنەوە بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکان

K24 - هەولێر

کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر لە سەروبەندی داخستن بوو، بەڵام بە هەوڵی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا کارگەکە رۆژانە زیاتر لە 70 تۆن دۆشاوی تەماتە بەرهەم دەهێنێت و رەوانەی بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوە دەکات.

پێش دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیاران بەرهەمەکانیان، لەنێویشیاندا، بەرهەمی تەماتە بەهۆی ساخنەکردنەوەیان لەنێو بازاڕەکاندا لەسەر شەقامەکان فڕێدەدا، بەڵام دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم و بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئێستا بەرهەمی تەماتە و بەرهەماکانی دیکەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێت.

لە جیهانی ئابووریدا، بە بەرهەمی تەماتە دەگوترێت "یاریزانی سەرەکی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان". خاک و کەشوهەوای هەرێمی کوردستانیش لەبارە بۆ بەرهەمهێنانی تەماتە. بە پیشەسازیکردنی بەرهەمی جووتیاران، یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە.

ئێستا لە هەرێمی کوردستان دوو کاریگەی دۆشاوی تەماتە هەن. لە سنووری شارەزوور و هەریر دۆشاوی تەماتە بە کواڵێتییەکی بەرز و بەپێی ستانداردە جیهانییەکان بەرهەم دەهێندرێت. ئەو دوو کارگەیە هەلی کاریان بۆ دەیان گەنج و دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان رەخساندووە.

شوان حەمید، بەڕێوەبەری کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر، لەمیانی بەرنامەی "بووژانەوە"ـی کوردستان24، رایگەیاند، "کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بازرگانان و کەرتی تایبەت بە شێوەیەکی گشتی زۆر دڵخۆشکەر بوو. پێشتر بەرهەمی جووتیارانمان وەکو پێویست ساخنەدەکرانەوە، بەتایبەت بەرهەمی تەماتە. کابینەی نۆیەم هانی داین ئەم کارگەیە بەکاربخەینەوە و دووبارە دەست بە کارکردن بکەینەوە".

شوان حەمید هیوا دەخوازێت پاڵپشتیی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جووتیاران بەردەوام بێت بۆ ئەوەی ئەوانیش لە پەرەپێدانی کارەکانیان بەردەوام بن. گوتیشی، "ئێمە رۆژانە لە کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر، بەرهەمی جووتیاران لە ناوخۆی کوردستان و شارەکانی دیکەی عێراق وەردەگرین. کارگەکە هەلی کاری بۆ زیاتر لە 900 گەنجی هەریر و دەوروبەری رەخساندووە. زیاتر لە 2000 کەس بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەم کارگەیە سوودمەندە".

 بە گوتەی بەڕێوەبەری کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر، کارگەکە رۆژانە زیاتر لە 70 تۆن  دۆشاوی تەماتە بەرهەم دەهێنێت و بەرهەمەکەیان رەوانەی شارەکانی کوردستان، عێراق و دەرەوەی وڵاتیش دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، بەرهەمەکە "ئۆرگانیکە، خۆماڵییە، تەنها لە تەماتە دروست دەکرێت و هیچ ماددەیەکی دیکە لەگەڵی تێکەڵ ناکرێت. خەڵکی خۆمان لە بەرهەمەکە ڕازییە و دەڵێن، زۆر سەلامەتە و بۆ تەندروستییان زۆر باشە".

وەکو ئەوەی بەڕێوەبەری کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر باسی کرد، لە دەرەوە خواستێکی زۆر لەسەر دۆشاوی تەمامەی کارگەی هەریر هەیە و گوتی، "چەند ساڵێک پێش ئێستا یەکەم کاروانی بەرهەمی دۆشاوەکەمان ناردە ئەمەریکا. دوای ئەوەی ناردمان، پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا و ئێستا بازاڕمان لەو وڵاتە زۆر باشە. لە وڵاتانی ئەوروپی، کەنداوی عەرەبیش بە گشتی خواستی زۆر لەسەر بەرهەمەکەمان هەیە و خەڵک دەیکڕێت".

لەلایەکی دیکەوە سومەیە سەدیق، بەڕێوەبەری بەشی تاقیگەی کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر بە کوردستان24ـی گوت، "پشکنینەکانمان کە تایبەتن بە بەرهەمی دۆشاوی تەمامە، رۆژانە بە چەند فێلتەرێکدا تێپەڕدەبێت. سەرەتا کە بەرهەمی تەماتە دێتە کارگەکەمان، بە چەند قۆناغێک  و بەپێی ستانداردی زانستی و جیهانی پشکنینیان بۆ دەکەین".

کارگەی ئاوی تەماتەی هەریر یەکێکە لە گەورەترین کارگەکانی قوتووبەندی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان. کارگەکە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، ئامێرەکانی گۆڕدران و خراوەتەوە کار. وەزارەتی کشتوکاڵ گرێبەستی لەگەڵ کارگەکەدا کردووە تا بەرهەمی نێوخۆیی جووتیاران بکڕێت. لەو کارگەیەدا دوو ساڵی رابردوو رۆژانە 100 تاوەکو 150 تۆن تەماتە لە جووتیاران وەرگیراوە و دۆشاوی تەماتە بەرهەمدەهێنرێت.