ئاكرێ و سۆران تۆڵەی خۆیان كردەوە

ئیسحاق مینسا یاریزانە ئەسمەرە پیشەگەرەكەی ئاكرێ لە نێوان دوو یاریزانی دیكە ئاهەنگی گۆڵكردن دەگێرێت. فۆتۆ: سەركەفت سپۆرت
ئیسحاق مینسا یاریزانە ئەسمەرە پیشەگەرەكەی ئاكرێ لە نێوان دوو یاریزانی دیكە ئاهەنگی گۆڵكردن دەگێرێت. فۆتۆ: سەركەفت سپۆرت

لە كەشوهەوایەكی سارد و باراناویدا 3 یاریی لە گەڕی بیستەمی خولی نایابی كوردستان بەڕێوەچوو، یارییەكیش بۆ سبەی دواخرا، یانەكانی ئاكرێ و سۆران دوای زنجیرەیەك ئەنجامی خراپ سەركەوتنیان تۆمار كرد، پێشمەرگەی هەولێر تووشی شكستێكی چاوەڕواننەكراو هات.

ئاكرێ تۆڵەی لە سیروانی نوێ كردەوە
ئەم یارییە بەهۆی ناجێگیری كەشوهەوا بۆ نێو یاریگەی بەردەڕەش گواسترایەوە، بەڵام بەخێر بۆ یانەی ئاكرێ شكایەوە، تۆڵەی شكستەكەی قۆناغی یەكەمی لە سیروانی نوێ كردەوە.
لە خولەكی 10ـی دەستپێكی یارییەكە ئاكرێ لە رێگەی جابر ڕازی گۆڵی پێشكەوتنی تۆمار كرد، دواتر لە خولەكی 16 شوانە قادر لێدانێكی پێناڵتی بۆ یانەی دەربەندیخان بەفیڕۆدا، ئەمەش هێز و وزەیەكی باشتری بە ئاكرێ بەخشی و لە خولەكی 32 ئیسحاق مینسا گۆڵی دووەمی بۆ ئاكرێ كرد.
لە خولەكی 71 عەلی فایەق گۆڵی سێیەمی بۆ ئاكرێ زیاد كرد، یارییەكەش بە 3 گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی ئاكرێ كۆتایی هات، لەو یارییەدا ئەركان مەنسور ئەگەرچی هیچ گۆڵێكی نەكرد، بەڵام دوو ئاسیستی كرد و بزوێنەری هێرشە خێرایەكانی ئاكرێ بوو.
ئاكرێ دوای شەش یاریی گەڕایەوە سەركەوتنەكان و نۆیەمین بردنەوەی لەم وەرزە تۆمار كرد و بەشێوەیەكی كاتی بۆ خانەی دووەمی ریزبەندی سەركەوت، سیروانی نوێش بۆ چوارەم یارییە لەسەریەك رێگەی سەركەوتنی ون كردووە بە 29 خاڵ و بۆ خانەی پێنجەم دابەزی.

دوای 5 شكستی لەسەریەك، سەركەوتنی تۆمار كرد

سۆران دوای پێنج شكستی لەسەریەك لە خولی نایابی كوردستان ئەمجارەیان لە نێو یاریگەی خۆی میوانداریی پێشمەرگەی هەولێری كرد.
لە خولەكی 6ـی دەستپێكی یارییەكە هەر زوو سۆران لە رێگەی رێزدار وەلی دەستی خۆی وەشاند و گۆڵی پێشكەوتنی كرد، ئەمەش گۆڵی حەوتەمی ئەم یاریزانە بوو لەم وەرزە.
دواتر ئاكار عەبدولحەمید لە خولەكی 74 گۆڵی بەرامبەربوونی پێشمەرگەی هەولێری بە لێدانی راستەوخۆ لە دژی سۆران تۆمار كرد، بەڵام لە خولەكی 85 هاوگار سەعدی بە لێدانێكی سەری بەهێز گۆڵی سەركەوتنی سۆرانی بەرامبەر پێشمەرگەی هەولێر تۆمار كرد، بەمەش سۆران یەكەمین سەركەوتنی لەسەر دەستی كۆڤان نزمی راهێنەری نوێی یانەكەی تۆمار كرد، هاوكات تۆڵەی شكستەكەی قۆناغی یەكەمیشی لە پێشمەرگە كردەوە، بەوپێەی لە پیرمام (3 ـ 1) یارییەكەیان دۆڕاند بوو.

رانیە دووەمین یاریی لەم وەرزە لە هەولێر بردەوە
بەهۆی نالەباری كەشوهەوا ئەم یارییە بۆ نێو یاریگەی سەنگەسەر گواسترایەوە، لە نیوەی یەكەم هیچ لایەك نەیانتوانی تۆڕی گۆڵی یەكتر بهەژێنن، بەڵام پێش ئەوەی یارییەكە كۆتایی بێت ئاسۆ محەمەد سوپرایزی بۆ هاندەرانی یانەكەی راپەڕین كرد و لە ماوەی چوار خولەك دوو گۆڵی لەسەریەكی بۆ رانیە تۆمار كرد، بەمەش یانەی رانیە لە یاریی چوون و گەڕانەوە شكستی بە هەولێر هێنا.
رانیە حەوتەمین سەركەوتنی لەم وەرزە تۆمار كرد و بە 27 خاڵ بەشێوەیەكی كاتی بۆ خانەی حەوتەم سەركەوت، لە بەرامبەردا هەولێر تووشی نۆیەمین دۆڕان هات و بە 23 خاڵ بەشێوەیەكی كاتی لە خانەی دەیەم دێت.

شەمزین یاسین هێرشبەری سۆران چووەتە كۆڵی یاریزانە پیشەگەرە ئەسمەرەكەی یانەكەی. 15 شوباتی 2024 - یاریگەی سۆران
شەمزین یاسین هێرشبەری سۆران چووەتە كۆڵی یاریزانە پیشەگەرە ئەسمەرەكەی یانەكەی. 15 شوباتی 2024 - یاریگەی سۆران
.