عامری داوای کاندیدکردنی کوڕی سەرۆکی دادگای فیدراڵی بۆ پارێزگاری دیالە دەکات

هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیه‌تی فه‌تح
هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیه‌تی فه‌تح

K24 – هەولێر:

سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح داوادەکات بۆ کۆتایهێنان بە بنبەستی سیاسی پارێزگای دیالە کوڕی سەرۆکی دادگەی فیدراڵی کاندید بکرێت بۆ پۆستی پارێزگار.

هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لەراگەیەندراوێکدا داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە بنبەستی سیاسی پاریزگای دیالە، محەممەد جاسم عومەیری، کوڕی سەرۆکی دادگای فیدراڵی بۆ پۆستی پارێزگار کاندید بکرێت، هاوکات داواش دەکات هەموو لایەك پشتیوانی لە پێشنیازەکەی بکەن.

لە کۆی ئەو 15 پارێزگایەی لە کۆتایی ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی تێدا بەڕێوەچوون، تەنیا ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە تاوەکو ئێستا سەرکەوتوونەبوون لە هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ بۆ پارێزگاکانیان و چاوەڕێش دەکرێت ئەگەر لایەنەکان نەگەنە رێککەوتن، ئەو پرسە ببرێتە دادگای فیدراڵی.

رۆژی دووشەممە (5ـی شوباتی 2024) دوای دەستپێکردنی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، بەهۆی کێبڕکێی توندی هەردوو لیستی سیادە و تەقەدووم بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی ئەنجوومەنی پارێزگاکە، دانیشتنەکە تەواونەکراو بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

رۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە 15 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 41%،  کە شەش ملیۆن و 599 هەزار و 668 دەنگدەر روویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد.

لەم هەڵبژاردنەدا، زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەبوو، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش 7765 بنکەی ده‌نگدانی ئامادەکرد لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدانی لەخۆگرتبوو، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان. لە کاتێکدا 70 پارت و هاوپەیمانی سیاسیی کێبڕکێیان لەسەر 275 کورسی لە هەر 15 پارێزگاکە کرد کە نزیکەی شەش هەزار کاندید لەسەر لیستەکان و بەشێوەی سەربەخۆ، کێبڕکێی هەڵبژاردنیان ئەنجامدا.