ئومێد خۆشناو: لە زووترین کاتدا سەرجەم حاڵەتەکان کە بەهۆی بارانێکی زۆرەوە دروستبوون کۆنتڕۆڵ کران

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

K24 – هەولێر:

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ناوشاری هەولێری گرتەوە کە ڕێژەیەکی زۆر ئاو بەرز بوویەوە و بووە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ و مەترسی لەسەر ژمارەیەک ماڵ، لەلایەن تیمەکانەوە تواندرا لە زووترین کاتدا سەرجەم حاڵەتەکان کۆنتڕۆڵ بکرێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: "دوای نیوەڕۆ ئەمڕۆ هەینی (16ـی شوباتی 2024) شەپۆڵێکی بارانبارین دەستی پێکردەوە، سەرەتا بە شێوەی نمەباران و بارانی مامناوەند بوو، دواتر لە هەندێک کاتدا بە شێوەی تاوەباران و تەرزە و هەورەتریشقە بوو، بەو هۆیەشەوە لە بەشک لە شەقامەکانی ناوشاری هەولێر رێژەیەکی زۆر ئاو بەرزبوویەوە و بووە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ و لە چەند گەڕەکێکیش ژمارەیەک ماڵ مەترسیان کەوتەسەر".

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، لەلایەن سەرجەم تیمەکانی (شارەوانی، بەرگری شارستانی، پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتووچۆ، تەندروستی، ئاو و ئاوەڕۆکان، وەڵامدانەوەی خێرای مرۆیی، قەیرانەکانی پارێزگا، دەزگای خێرخوازی بارزانی) تواندرا لە زووترین کاتدا سەرجەم حاڵەتەکان کۆنتڕۆڵ بکرێت.

پێشتریش بەشى پێشبینى لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى کەشناسی و بوومەلەرزەزانى لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، "ئەو ناسەقامگیریەی لە کەشوهەوای ناوچەکەمان هەیە بەردەوام دەبێت و بارانبارین بە شێوەی بارانی مامناوەند و هەورەتریشقە و لێزمەبارانی بەخوڕ دەبێت ".