خەڵکی غەززە بە دەست کەمی دەرمان و چارەسەری پزیشکییەوە دەناڵێنن

خەڵکی غەززە بە دەست کەمی دەرمان و چارەسەری پزیشکییەوە دەناڵێنن
خەڵکی غەززە بە دەست کەمی دەرمان و چارەسەری پزیشکییەوە دەناڵێنن

K24 - هەولێر

خەڵکی کەرتی غەززە بە دەست کەمی دەرمان و چارەسەری پزیشکییەوە دەناڵێنن و تەنانەت دەرمانی دژە بەکتریاشیان دەست ناکەوێت و سەدان هەزار کەس لەو کەرتە تووشبووی نەخۆشییە درێژخایەنەکانن.

خەڵکی کەرتی غەززە بێ خۆراک و ئاو و پەناگەن و دەرمان و، پێدایویستی پزیشکیش لەو کەرتە کەمیکردووە. ئاوارەکانی کەرتی غەززە لە رەفەح دەرمانخانە دوای دەرمانخانە دەگەڕێن تا دەرمانیان دەست بکەوێت.

ئاوارەیەکی خان یونس دەڵێت، "هیچ دەرمانێک نییە. تەنیا پاراسیتامۆلیان هەیە و هیچ دەرمانێکی دژە بەکتریا و چارەسەری دیکە نەماون، منداڵ و بەساڵاچوو هەموو نەخۆش کەوتوون، بۆ دەنکە حەبێک لە هەشتی بەیانییەوە تا یەکی دوای نیوەڕۆ نۆرە دەگرین."

تەنانەت ئەگەر ئەو دەرمانەی پێویستیانە بیدۆزنەوە، بەهۆی گرانی نرخەکەی ناتوانن بیکڕن،  خاوەنی یەکێک لە دەرمانخانەکان دەڵێت، تەنانەت لە سەدا 20ـی ئەو دەرمانانەیان نییە کە پێویستە هەبێت.

خاوەنی ئەو دەرمانخانەیە گوتی: "لە پێنج هەزار جۆری دەرمان کە پێویستە لە دەرمانخانە هەبێت تەنانەت هەزار جۆریشمان نییە. زۆری دەرمانەکان نابێتە جێگرەوەیەک بۆ جۆری دەرمان، پێویستە چەندین دەرمانمان لە بەردەستبێت تا پێداویستی کەسە نەخۆشەکە دابین بکەین."

وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە دەڵێت، لە سەدا 60ـی ئەو دەرمانانەی پێویستن ناتوانن دابینی بکەن. ئەمەش لە کاتێکدا بەگوێرەی وەزارەتەکە، نزیکەی 350 هەزار کەس لە کەرتی غەززە نەخۆشی درێژخایەنی وەک فشاری خوێن و شەکرەیان هەیە و هیچ چارەسەرێک نییە وەریبگرن.