رۆژنامەیەک: ئەمەریکا چەک بۆ ئیسرائیل دەنێرێت

سەرۆکی ئەمەریکا ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل
سەرۆکی ئەمەریکا ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل

K24 - هەولێر

وۆڵ ستریت جۆرناڵ رایگەیاند، ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ئامادەکاری دەکات بۆ پێدانی چەک بە ئیسرائیل، لەوانەش بۆمب، سەرەڕای ئەوەی لە تەلئەڤیڤەوە داوای ئاگربەست لە غەززە دەکات.

ئەمڕۆ شەممە، 17ـی شوباتی 2024، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ رایگەیاند، ئیدارەی بایدن خۆی ئامادە دەکات بۆ ناردنی بۆمب و چەکی دیکە بۆ ئیسرائیل، بەمەبەستی بەرهەمهێنانی چەک بۆ جبەخانە سەربازییەکەی، هەرچەندە ئەمەریکا بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەدوای ئاگربەستدا دەگەڕێت لە غەززە.

رۆژنامەکە راشیگەیاند، ئەمەریکا بەنیازە چەک و تەقەمەنی بە بەهای دەیان ملیۆن دۆلار دابین بکات. هەروەها دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا بەنیازن نزیکەی هەزار بۆمبی MK-82 بۆ ئیسرائیل دابین بکەن، جگە لە بۆمبی KMU-572 کە بە وردی رێنمایی دەکرێن.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تائێستا رێککەوتنی دابینکردنی چەک لەلایەن ئیدارەی ئەمەریکاوە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و جەختیشیکردەوە کە دەبێت رێککەوتنەکە لەلایەن کۆنگرێسی ئەمەریکاوە پەسەندبکرێت.

لای خۆیەوە بایدن گوتی: لە چەند رۆژی رابردوودا گفتوگۆی جەوهەریم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد، ئاماژەم بە پێویستی جێبەجێکردنی ئاگربەستی کاتی کردووە بۆ ئەوەی دەستگیرکراوان و بارمتەکان ئازاد بکرێت.

بایدن ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارە ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوان لەسەر زەوی دەستپێنەکات، بەڵکو ئەم دەستپێشخەرییە لەبەرچاو بگرێت.