یوئاڤ گالانت: لەسەدا 12ـی کارمەندانی ئۆنروا پەیوەندییان بە حەماسەوە هەیە

K24 - هەولێر

یوئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاشکرایکرد، لانیکەم 12%ی کارمەندانی رێکخراوی 'ئۆنروا'ـی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە پەیوەندییان بە بزووتنەوەی حەماسەوە هەیە.

ماڵپەڕی"i24"ـی ئیسرائیلی لە زاری یوئاڤ گالانتەوە بڵاویکردەوە، 12 کارمەندی ئۆنروا چالاکانە بەشدارییان لە هێرشەکەی حەماس کردووە کە لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023دا روویدا.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ئاماژەی بەوەشکرد، لەنێو ئەو کارمەندانەی کە بەشدارییان لە هێرشەکاندا کردووە، مامۆستا هەبووە کە لەو قوتابخانانەدا کاردەکەن کە لەلایەن  ئۆنروا بەڕێوەدەبرێن.

دەشڵێت: "جگە لەم 12 کرێکارە، ئێمە پێوەرە هەواڵگرییە گرنگەکانمان هەیە کە ئاماژە بەوە دەکەن زیاتر لە 30 کرێکاری  ئۆنروا بەشدارییان لە کۆمەڵکوژیەکەدا کردووە، ئاسانکارییان کردووە بۆ بارمتەگرتنی ئیسرائیلییەکان".

گالانت گوتیشی: "ئۆنروا شەرعیەتی خۆی لەدەستداوە و چیتر توانای کارکردنی نییە وەک دەزگایەکی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر بۆیە داوای لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی ئیسرائیل کرد بەرپرسیارێتی گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە بگوازنەوە بۆ رێکخراوە مرۆییەکانی دیکە".

باسی لەوەشکرد، "زانراوە کە هەزار و 468 کارمەند لەناو حەماس و جیهادی ئیسلامی لە فەڵەستین چالاکی دەکەن، کە 185 کارمەندی ئۆنروا لە لقە سەربازییەکانی حەماس چالاکن، 51 کارمەندیش لە لقی سەربازی جیهادی ئیسلامی چالاکن".

ئەمڕۆ سی ئێن ئێن بڵاوی کردەوە، کە گالانت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، ئیسرائیل هیچ نیازێکی نییە هاووڵاتیانی مەدەنی فەڵەستینی بۆ میسر بگوازێتەوە، دەشڵێت: ئێمە رێز لە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ میسر دەگرین و بەرز دەنرخێنین، کە بەردی بناغەی سەقامگیری ناوچەکە پێکدەهێنێت.

ستێفن دوجاریک گوتەبێژی سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان سوورە لە سەر ئەوەی لێکۆڵینەوە لە کارمەندەکانی ئۆنروا بەخێرای بەڕێوەبچێت، هەر کارمەندێکیش لە هاوکاریکردنی حەماس تێوەگلابێت لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و بەتاوانبار دەناسرێنرێت.

دوجاریک دەڵێ؛ هەرچەندە ئێمە بەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئۆنرواکراون زۆر دڵتەنگین، بەڵام داوا لەو وڵاتانە دەکەین کە هاوکاریی و پشتیوانییەکانیان راگرتووە، هاوکاریی و پشتیوانییە داراییەکانیان بگەڕێننەوە، چونکە خەڵکانێکی زۆر لە غەززە رۆژانە پێویستییان هاوکارییە.

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاندبوو، لە کۆی 30 هەزار کارمەندی ئۆنروا تەنیا 12 کارمەند گومانی تێوەگلانیان لە هاوکاریکردنی حەماس لەسەرە، بۆیە نابێت ئەمە بکرێتە پاساوی راگرتنی هاوکاریی و پشتیوانییەکانی ئەو رێکخراوە، چونکە راگرتنی هاوکارییەکان قەیرانی مرۆیی لە غەززە قوڵتر دەکات.