سایلۆی هەڵەبجە توانای کۆگاکردنی 40 هەزار تۆن گەنمی دەبێت

سایلۆی هەڵەبجە توانای کۆگاکردنی 40 هەزار تۆن گەنمی دەبێت (وێنە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری)
سایلۆی هەڵەبجە توانای کۆگاکردنی 40 هەزار تۆن گەنمی دەبێت (وێنە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری)

K24 - هەولێر

پڕۆژەی سایلۆی هەڵەبجە بۆ کۆگاکردنی گەنمی جووتیارانی دەڤەرەکە خرایە بواری جێبەجێکردن، کە توانای کۆگاکردنی 40 هەزار تۆن گەنمی دەبێت.

سایلۆکە لەسەر ڕووبەری 52 دۆنم زەوی دروست دەکرێت؛ تێچووی دروستکردنی 27 ملیار و 500 ملیۆن دینارە؛ ماوەی جێبەجێکردنی دوو ساڵە و سێ مانگە دەست بە دروستکردنی کراوە.

ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند: "سایلۆکە توانای هەڵگرتنی 40 هەزار تۆن گەنمی دەبێت، لەگەڵ 10 کۆگا بۆ هەڵگرتنی دانەوێڵەکان".

جووتیارانی ناوچەکە بەو هەنگاوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵخۆشن و پێیان وایە دەبێتە هۆی بووژانەوەی کشتوکاڵ و ئابووریی ناوچەکە.

خەسرەو محەممەد، جووتیارێکی پارێزگای هەڵەبجەیە، لەمبارەیەوە دەڵێت: "ئەم پرۆژەیە یەکێکە لە پرۆژە گرنگ و پێویستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای هەڵەبجە؛ دڵخۆشین بەوەی گەنمەکانمان جارێکی دیکە لەوێدا هەڵدەگیرێن، دەپارێزرێن و بەبازاڕ دەکرێن".

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی تایبەتی بە دروستکردنی سایلۆکان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان داوە؛ چونکە بنەمایەکی گرنگی ئاسایشی کشتوکاڵی و ئابوورییە.